نوچەنێت
ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێکارەکانی پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاستی تموحی ئێمە و ئەم دۆخەی ئێستا نییە.
پرسی گەندەڵی یەکێکە لەو پرسانەی، کاریگەری خراپی کردووەتە سەر داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردووشدا یاسای چاکسازی لە پێناو ڕێکخستنی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم چووە بواری جێبەجێکردنەوە، پێشبینی دەکرێت داهاتێکی باش بۆ حکومەت بگەڕێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دابان محەمەد، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە مەلەفەکانی گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لەسەرەتای دەستبەکاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، وەک لیژنەکانی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران، دەیان پرسیار ئاراستەی حکومەتی هەرێم کراوە و لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵی، بەڵام ئێمە کێشەمان لەگەڵ جوابەکانی ئەو پرسیارانەدا هەیە کە تائێستا نەگەڕاوەتەوە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی “وەک مەلەفەکانی گەندەڵی دەیان مەلەفی گەندەڵی، دزیکردن، بەهەدەردان و تاڵانکردن، لە خاڵە سنوورییەکانەوە بگرە تا دەگاتە داهاتی نەوت و کۆمەڵێک پرسی وەک وەبەرهێنان، خستوومانەتە بەردەم حکومەتی هەرێم، تا ئەم کاتە ئیرادەیەکی جدی و بەدەمەوە چوونی ئەو تۆ نییە، کە ئەو پرسە گەندەڵییانە چارەسەر بکرێت”.
دبان محەمەد، سەبارەت بە چارەسەر نەکردنی ئەو پرسە گەندەڵیانە، دەڵێت “بەشێکی پەیوەندی بە بەرژەوەندی حزبی و کۆمپانیاکانی حزب و بەرپرسەکانی حزبەوە هەیە، لە هەردوو حزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ نمونە کۆمپانیاکانی خاڵە سنوورییەکان و کۆمەڵێک پرسی قاچاخ چیەتی هەیە لە خاڵەسنوورییەکان، لە بواری نەوتیش بەهەمان شێوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت “پڕۆسەیەک هەیە، کە گوایە دەستکراوە بە هەندێک ڕێکار، بەڵام ئەو ڕێکارانە لە ئاستی تموحی ئێمە و ئەم دۆخەی ئێستا نییە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، پێویست بەوە دەکات حاڵەتێکی تایبەت بدرێت بە پرسی چاکسازی و بە دەمەوەچوونی ئەو مەلەفە گەندەڵییانە و ئەو پرسانەی، کە تایبەتە بە سەروەت و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.