ئەسعەد مورادی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێککەوتنەکە بەردەوام بێت و پارەکە رادەستی حکومەتی هەرێم بکرێت بۆ سەروەری هەرێم کێشەی نابێت.
رۆژی شەممەی رابردوو (15-8-2020)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
پێشتریش لەلێدوانێکی تایبەت، بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەم بارەیەوە گوتی ”ئەم رێککەوتنە دەبێتە بنەمایەک بۆ رێککەوتنی داهاتوو لەسەر شایستەداراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێڕاق لە ساڵی 2021”.
لەلایەکی دیکەوە کەسانێک هەبوون دژی رێککەتنەکە، کە ئەگەری هەیە سەروەری هەرێ بکەوێتە مەترسییەوە لە کاتی گەڕانەوەی هێزی عێراقی بۆ دەروازە سنوورییەکان و ئیدارەدانی، بەڵام حکومەت دەڵێت داهاتی ناوخۆ لە ئێستادا توانای دابین کردنی موچەی نییە و تەنانەت لەگەڵ ٣٢٠ ملیارەکەی بەغداش ناتوانرێت موچە بەبێ لێبڕین بدرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. بەهار مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی بەڕێوەبردنی خاڵە گومرگییەکانی هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ناوەند رایگەیاند: بە گوێرەی یاسا ئیدارەدانی سنوورەکانی هەرێم هاوبەشی دەبێت بە گوێرەی دەستوور لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، چونکە لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانە لە نێوان هەرێم و بەغدا.
بەهار مەحمود دەشڵێت، لە پێش لە پێش ٢٠١٤ بودجەمان لە بەغداوە بۆ دەهات بۆ موچە و بوارەکانی دیکە و زیانیشی نەبوو بۆ سەر سەروەری هەرێم؛ ئەگەر ئێستاش بودجەکە رادەستی حکومەتی هەرێم بکات چ پەیوەندییەکی هەیە بە سەر پێشێلکردنی سەروەری هەرێمەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، بە گوێرەی دەستوور ئیدارەدانی سنووری هەرێم هاوبەشە لە نێوان بەغدا و هەرێم. ئەوانەش قابیلی گفتوگۆیە لە کاتی رێککەوتنەکە بۆ ئەوەی جێگەی بکەنەوە.