شلێر سەعید
ئەمڕۆ دووشەمە 17-8-2020 دانیشتوانی ناحیەی ئاغجەلەر گردبوونەوەیەكی ناڕەزایان ئەنجامدا و ڕێگای سەرەكی هاتوچۆیان داخست.
شارەدێی ئاغجەلەر سەربە قایمقامیەتی چەمچەماڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێشوتر بودجە بۆ پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای کانی شەیتان-ئاغجەلەر دابینکرا، بەڵام پڕۆژەکە جێبەجێنەكراوە تا ئێستا، ئەوەش بۆتە جێی نیگەرانی دانیشتوان.
لە لێدوانێكی تایبەتدا لەم بارەوە هێمن بەهجەت بەڕێوبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە نوچەی ڕاگەیاند: ڕێگاوبانەكانی ناحیەكە زۆر خراپن، بۆیە ئەمڕۆ دانیشتوانی ئەم ناحیەیە گردبوونەوەیان كردوە بەهۆی جێبەجێ نەكردنی پڕۆژەی قیرتاوكردنی ڕێگای سەرەكی ئاغجەلەر، هاوكات داوا دەكەن هاتوچۆی تەنكەر و بارهەڵگرەكان قەدەغە بكرێت، چونكە ئەوان هۆكاری سەرەكین بۆ تێكچوونی ڕێگاكە و شكانی بۆڕی ئاو لە ناوچەكەدا.
گوتیشی، ئەو پڕۆژەی پێشتر بڕیاربوو جێبەجێ بكرێت، شكستی هێنا و ئێستا گۆڕانكاری تێدا كراوە و دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران، چاوەڕێ دەكرێت ئەنجومەنی وەزیران بیداتە بەڵێندەر و دەست بە كارەكانی بكات.
بەڕێوبەری ناحیەی ئاغجەلەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەوان داواكاری خەڵكەكە دەگەیەنە سەروی خۆیان بە هیوای جێ بەجێكردنین.