قوباد تاڵەبانی: سۆشیالمیدیای سپۆنسەرکراو بە پارەی سیاسی دۆخێکی ژەهراوی دروستکردووە

0

نوچە

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، با لەبری یاسای میدیای ئەلیكترۆنی، پێكەوە كار لەسەر پڕكردنەوەی كەلێن و درزەكانی یاسا بەركارەكانی دیکە بكەین. دەشڵێت ”سۆشیالمیدیای سپۆنسەرکراو بە پارەی سیاسی دۆخێکی ژەهراوی دروستکردووە”.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە (17-8-2020) لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەو تێبینییانەی سەبارەت بە ناوەڕۆکی پێشنیازەیاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی پێیان گەیشتووە، بڕیاریانداوە ناوەڕۆکی پێشنیازەیاساکە بەو شێوازەی ئێستا ھەیە رەتبکەنەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، زۆر کەس نیگەران بوون لە ناوەڕۆكی پرۆژەیاسای میدیای ئەلیكترۆنی، بەڵام “ئەوەی مایەی دڵخۆشی و گەشبینییە، کاردانەوەی ئەو كۆمەڵە زۆرەی هاوڵاتی و میدیا و نووسەر و چالاكوانەکان بوو لەسەر ماف و ئازادییەکان، ئەمەش ئاماژەی کۆمەڵگەیەکی زیندووە، كە هاوڵاتیان ئامادەنین دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و گەردوونییەکانی خۆیان بن”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت “دەرفەت رەخساندنە بۆ خراپ بەكارهێنانی، هەروەها دروستكردنی مەترسییە لەسەر هاوڵاتیان كە زۆریان تەنیا ئەكاونتەكانی خۆیان شك دەبەن بۆ دەردەدڵی”. دەشڵێت “پێشموایە بۆشایی یاسایی باشترە لە دانانی یاسایەك کە دەرفەتی ئەوەی تێدا بەدی بکرێت لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانەوە خراپ بەکاربهێنرێت”.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردووە، ئەو “خۆشبەختانە” جگە لە پەیجی فەرمی خۆی، هیچ پەیج، ئەکاونت و میدیایەکی نییە و هەموو میدیای كوردیش بەهی خۆی دەزانێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێی وایە، دەبێت هەمووان كار لەسەر پڕكردنەوەی كەلێن و درزەكانی یاسا بەركارەكانی دیکە بكەنەوە وەک یاسای رۆژنامەگەری و یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن. دەڵێت. “ئەوەی دووەمیان [یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن] زۆرجار بووەتە كێشە و بارگرانی بۆ نووسەر و میدیاكاران و لەبری یاسای رۆژنامەگەری بەو یاسایە زیندانی كراون، ئەگەر بۆشاییەكیش هەیە لەبارەی میدیای ئەلیكترۆنی دەكرێت ئێستا لەو دوو یاسایەدا بەپێی ستانداردەكانی دنیای كراوە چارەسەر بكرێت و جێگەیان بكرێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com