سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەلەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، داخستنی نوسینگەکانی پەرلەمانی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بێ ڕۆڵی و بێ خەمییەکی دیکەی پەرلەمان پیشاندەدات لە ئاست داواکاریی هاوڵاتیان.
بە بیانووی قەیرانی دارایی و خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە بڕیارێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرجەم نووسینگەكانی پەرلەمانی کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان داخراون.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی پەرلەمان لە شار، شارۆچکە و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕایگەیاند: داخستنی ئەو نوسینگانە کارێکی هەڵەبووە پەرلەمان ئەنجامیدا، چونکە ئەو نوسینگانە زمان حاڵی پەرلەمانە و بۆ ئاسانکردنی کاری هاوڵاتیانە؛ هەر هاوڵاتیەک سکاڵایەک یان داواکارییەکی هەبێت، لە رێگەی پەرلەمانتارانی سنورەکەوە داواکارییەکەی دەگەیەنێتە نوسینگەی پەرلەمان لەو سنوورە، دواتر نوسینگە بەرزی دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
سەرچنار ئەحمەد گوتیشی “لە ئێستادا بە بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆمەڵێک بیانووی تری لاواز، ئەو نوسینگانە داخراون و خەڵک ناتوانێت، ئەو داواکارییانەی، کە هەیەتی بیگەیەنێتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هەم پەرلەمانتارەکانیش ناتوانن وەک پێویست، میدانی و بە کردەیی لەگەڵ خەڵکدا بن”.
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەجیاتی داخستنی ئەو نوسینگانە دەتوانرا هاوشێوەی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم، بەگرتنەبەری رێنمایە تەندروستییەکان، نوسینگەکان دانەخرانایە، بۆئەوەی ئیش و کاری هاوڵاتیان نەوەستایە.
سەرچنار ئەحمەد دەڵێت “هەرچەندە دیاری نەکراوە داخستنی نوسینگەکان بەشێوەی کاتییە یان بۆ هەمیشەیی، بەڵام ئەمە بۆخۆی خاڵێکی لاوازی دیکەی پەرلەمانە، بێ ڕۆڵی و بێ خەمییەکی دیکەی پەرلەمانی کوردستان پیشاندەدات لەئاست داواکاری هاوڵاتیان، بەدەمەوە هاتنی کاری هاوڵاتیان لەپێشینەی کارەکانی پەرلەمانە، چونکە ئێمە نوێنەری خەڵکین، دیارە پەرلەمان وەک چۆن لە کەیسەکانی دیکە لەخەمی هاوڵاتیان نەبووە، بەهەمان شێوە داخستنی نوسینگەکانی پەرلەمان بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە”.