پارتی و یەكێتی نةیانتوانی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار یەكلایی بكەنەوە
نوچە: هەولێر
هەر یەكە لە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی نەیانتوانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق یەكلایی بكەنەوە، دەربارەی دكتۆر نەجەمەدین كەریمیش، مەلا بەختیار وتی “بیستومان خۆی لە كاندیدی كشاندۆتەوە”.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، هەوڵەكانیان شكستی هێنا، بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، دوای كۆبوونەوەیەكیش هەر یەكە لە دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس و مەلا بەختیار كۆنرگەیەكی رۆژنامەوانییان ساز كرد و رایانگەیاند، كە یەكێتی بە دوو كاندیدەوە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار وەردەگرێت.
ئەوەشیان خستەڕوو، كە پرسی یەكلایی كردنەوەی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، دەسپێرن بە فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوان یەكێك لە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵك و دكتۆر فوئاد مەعسوم هەڵدەبژێرن.
دەربارەی خۆكاندیدكردنی دكتۆر نەجمەدین كەریمیش، مەلا بەختیار وتی “بیستومانە كە خۆی كشاندۆتەوە”.