ئەسعەد مورادی
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا گرنگی خۆی دەبێت بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا. دەشڵێت ”دەبێت رێککەوتی سیاسیش بکرێت”.
رۆژی شەممەی رابردوو (15-8-2020)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
پێشتریش لەلێدوانێکی تایبەت، بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەم بارەیەوە گوتی، ئەم رێککەوتنە دەبێتە بنەمایەک بۆ رێککەوتنی داهاتوو لەسەر شایستەداراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێڕاق لە ساڵی 2021.
بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان، دەبێت حكومەت تاوەكوو 15-10-2020، رەشنووسی بودجە ئامادە بكات و رەوانەی پەرلەمانی بکات.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی گرنگی رێککەوتنی نوێی هەرێم و بەغدا راگەیاند: ئەم رێككەوتنە گرنگی خۆی دەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆكان باش و بنیاتنەر بن بۆ رێككەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2021، بە تایبەتیش لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان. بۆیە هەردوولا كۆدەبنەوە، تاوەكوو رێكبكەون لەسەر بودجەی 2021، دەبێت رێككەوتنی سیاسیش بكرێت، تاوەكو فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكان لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدەن.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، بەهۆی خۆپیشاندانەكان و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و دۆخی پەتای كۆرۆنا، یاسای بودجەی 2020 لە عێراق دەرنەكرا.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو ئەحمەد سەفار گوتی ”كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2021 لە نێوان وەزارەتی دارایی و پلاندانان دەكرێت، ئێمەش لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەكی ستراتیژییمان بۆ بودجە پێكهێناوە، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی، لە هەفتەی داهاتوو كاری خۆمان دەكەین، تاوەكوو پڕۆژەكە زوو ئامادە بكرێت”.