پەرلەمانتارێک: رێککەوتنەکە بنەمایەک بۆ رێککەوتنی داهاتوو

0

ئەسعەد مورادی

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ڕیككەوتن نزیكن و بەشێکی زۆری خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر كراون.

ڕۆژی شەممە ١٥- ٨-٢٠٢٠، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەوە کردەوە، کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.

ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو. بڕواریشیاندا لە نزیکترین کاتدا بڕی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان بکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی رێکەوتنی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند: ئێستا هەردوو حكومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، زۆر لە ڕێككەوتن نزیكن. کازمی بڕیاریداوە بڕێک پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، تاوەکو ئەوکاتەی ڕێککەوتنەکە واژۆی لەسەر دەکرێت.

شێروان میرزا دەشڵێت، ھەرچەندە ڕێککەوتنەکە یەکلایی بووەتەوە، بەڵام سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان ڕەنگە بکەوێتە دوای ھاتنەوەی مستەفا کازمی لە ئەمریکا. گوتیشی ”رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ کازمی و ھەرێم گرنگە، تاوەكوو بتوانرێت كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان چارەسەر بكرێت، بەڵام ڕێکنەکەوتنی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی کێشەکان ئاڵۆز دەکات، کێشەمان بۆ ساڵی ٢٠٢١یش بۆ دروست دەکات، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە، دەبێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ئایندەش.

شێروان میرزا، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ھەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت، ھەروەھا خودی مستەفا کازمی، دەیەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕێکبکەوێت، بەڵام ڕەنگە لە ژێر فشاری شەقام و بەشێکی لایەنە سیاسییەكاندا بێت، بۆیە ڕێککەوتن لە قازانجی هەردوولادایە و ڕێکنەکەوتن دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com