وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، پرۆسه‌ى سه‌رژمێرى دانیشتووان كه بڕیار بوو له مانگى تشرینى دووه‌م “مانگى 11” ى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێ، بۆ كۆتایى ساڵى 2021 دواخراوه .
وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، خالد نه‌جم وه‌زیرى پلاندانان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رژمێرى وه‌زاره‌ت كۆبووه‌ته‌وه، بڕیارى دواخستنى سه‌رژمێرى گشتىییان داوه.
له به‌یاننامه‌كه باسى ئه‌وه كراوه بڕیاره بوو له مانگى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ سه‌رژمێرى گشتى به‌ڕێوه بچێ، به‌ڵام ئێستا وه‌زاره‌ت بڕیارى داوه بۆ چاره‌گى كۆتایى “سێ مانگى كۆتایى” ساڵى 2021 دوا بخرێت و ئه‌م واده‌یه‌ش به ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران دراوه بۆ ئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بدات.
سه‌باره‌ت به هۆكارى دواخستنى سه‌رژمێرى گشتى، وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق روونى ده‌كاته‌وه، پرۆسه‌كه به‌هۆى په‌تاى كۆرۆنا و قه‌یرانى دارایى عێراق دواخراوه.
دووپاتیشى ده‌كاته‌وه وه‌زاره‌ت به‌رده‌وام كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ئاماده‌كارییه ته‌كنیكییه‌كان ته‌واو بكات، بۆ ئه‌مه‌یش فۆرمێكى ئاماده كردووه كه تایبه‌ت ده‌بێت به سه‌رژمێرییه‌كه و له ماوه‌ى داهاتوودا بڵاوى ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى وه‌زاره‌ته‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆچوونى خۆیان له‌سه‌ر سه‌رژمێرییه‌كه بده‌ن.
دوایین سه‌رژمێرى له ساڵى 1997 له عێراق به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌و كات ژماره‌ى دانیشتووانى ئه‌م وڵاته 22 ملیۆن كه‌س بوو، كه‌چى ئێستا مه‌زنده ده‌كرێت نزیكى 40 ملیۆن كه‌س بێت.