رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ى هێزه‌كانى توركیا له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى داوه، به درێژترین ئۆپراسیۆن داده‌نرێت و له‌وانه‌یه په‌كه‌كه ناچارى كشانه‌وه بكات، بۆیه ده‌بێت حكوومه‌تى هه‌رێم رێگه‌ى پێ نه‌دات بۆ ناو خاكى ئه‌و بكشێته‌وه.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى كردووه و له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه باسى له‌وه كردووه، ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ى توركیا له ناو خاكى هه‌رێمى ئه‌نجام داوه به درێژترین ئۆپراسیۆن داده‌نرێت ئه‌گه‌ر به‌وانه‌ى پێشووتر به‌راورد بكرێت، چونكه ئه‌وه سێ مانگه به‌رده‌وامه و ئه‌نكه‌ره هێشتا دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى ده‌كاته‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى زیاترى به‌غدا، راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات له‌وانه‌یه ئه‌م مكوڕبوونه‌وه‌ى ئه‌نكه‌ره وا بكات به‌غدا ئاستى هه‌ڵوێسته‌كانى به‌رز بكاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رپرسێكى عێراق كه ناوى له راپۆرته‌كه ئاشكرا نه‌كراوه باسى له‌وه كردووه جۆره رێككه‌وتنێكى رانه‌گه‌یه‌نراو له‌نێوان ئه‌نكه‌ره و به‌غدا هه‌یه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات، ئه‌ركى هه‌رێمه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵ بدات رێگریى له په‌كه‌كه بكات بۆ ناو خاكى ئه‌و زیاتر بكێشته‌وه، چونكه به‌گوێره‌ى زانیارییه مه‌یدانییه‌كان ده‌ركه‌وتووه ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ى توركیا وایكردووه په‌كه‌كه هه‌ندێك پێگه له ده‌ست بدات و بۆیه ده‌بێت نه‌خشه‌ى ئاماده‌بوونى له خاكى بگۆڕێت.
چاودێرانى سیاسى باسیان له‌وه كردووه، ئێستا هیچ ئه‌گه‌رێك نییه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى به‌غدا له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كان توند بێت، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له چاودێره‌كان باس له‌وه ده‌كات مسته‌فا كازمى ده‌توانێ له رێگه‌ى هه‌واڵگرییه‌وه هاوئاهه‌نگییه‌كى چوارقۆڵى دروست بكات بۆئه‌وه‌ى گرژیى زیاتر دروست نه‌بێت، ئه‌و چوار قۆڵه‌یش به‌غدا و هه‌ولێر و په‌كه‌كه و ئه‌نكه‌ره‌یه.