نەوزاد علی-سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵی هەرێم قۆناغ بە قۆناغ ڕەوانە دەکرێت و قۆناغی یەکەمی پارەکەش ڕەوانە کراوە.
ساڵانە حکومەتی عێراق بڕێک گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆ ساڵی ( ٢٠١٩-٢٠٢٠) کۆی گشتی گەنمی وەرگیراو لەجووتیارانی هەرێم لەلایەن سایلۆکانی هەرێم، ٣٩٠ هەزار تەن گەنم بووە، لەکاتێکدا لە هەرێم زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێندرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم، ڕایگەیاند: ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەنمی خۆیان ڕادەستی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرد، کۆی گشتی ئەو گەنمەی ڕادەستکراوە ٣٩٠ هەزار تۆن گەنم بووە، بڕی ئەو پارەیەش، کە بۆ ئەو بڕە گەنمە دیاری کراوە، دەکاتە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دینار.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم گوتیشی “پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت ڕەوانەی هەرێم بکرێت، پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵی ( ٢٠١٩-٢٠٢٠) بە یەکجار ڕەوانە ناکرێت، بەڵکو قۆناغ بە قۆناغ ڕەوانەی هەرێم دەکرێت”.
نەوزاد ئەدهەم گوتیشی “بڕی ٨ ملیار دینار وەک قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵی هەرێم، ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە و بەشێکی ئەو پارەیە ئێستا دراوەتە جووتیاران، لە داهاتووشدا وەجبەکانی دیکە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت”.