نوچە
ئەمڕۆ 16ـی ئابی 2020، 74ـەم ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)یە، کە حزبێکی نەتەوەیی کوردستانییە.
لە ساڵی 1946 مەلا مستەفا بارزانی، سوپاسالاری کۆماری کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتیی کوردستان، لە شاری مەهابادی پایتەختی یەکەم کۆماری کوردستان، بڕیاری دامەزراندنی پارتی‌یان دا.
دوای کۆکردنەوەی ژمارەیەک ئەندام، لە رۆژی 16ـی ئابی 1946 یەکەم کۆنگرە بەسترا و پارتی دیموکراتی کورد دامەزرا و مەلا مستەفا بارزانی بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرا.
ئامانجی سەرەکی پارتی، کە حزبێکی دیموکراتی نەتەوەییە، دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە و ئەندام و لایەنگرانیشی لە هەڵگرانی هەموو ئایین و نەتەوەکانی کوردستان پێکدێن.
پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە يادى 16ى ئاب:
سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.8.16 بە بۆنەی یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە دامەزراندنی پارتی وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە قوتابخانەیەكی نیشتیمانی بۆ خەباتگێڕ و تێكۆشەرانی كورد.
لە بەشێک لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: “لەو یادەدا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و فرەلایەنی و ئاشتیخوازیی ناو خەڵكی كوردستان دەكەینەوە و ئەوە یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی پارتی كە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینیی و نەتەوەییەكانی كوردستان و ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانیان بپارێزێت. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، پارتی بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی، خوازیاری دانوساندن و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و لێكتێگەییشتن بووە”.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەکەیدا جەختی کردووەتەوە: “دەمەوێ جەختیش لەو بكەمەوە كە ڕاستە مووچە و ژیانی خەڵك زۆر گرنگە و دەبێ هەموو لایەك پێكەوە لە ڕێی چاكسازییەكی هەمەلایەنە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەوڵی چارەسەری كێشەكانی خەڵك و گوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان بدەن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گرفتی بنەڕەتیی تری وەك پڕەنسیپی شەراكەت و جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی 140 و پێشمەرگە هەیە و هەروەها سیاسەتی پاكتاوكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی، كە زۆر مەترسیدارە و قابیلی قبوڵ نییە”.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا دەڵێت، بە پێویستی دەزانم داوایش لە هێزە سیاسییەكانی كورد لە پارچەكانی تر بكەم كە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و نەبنە هۆی ئەوەی زیان لە هەرێمی كوردستان بدرێت. چونكە چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان ناتوانن تەحەمولی زیان و بوردومان و كێشەی تر بكەن. هەرێمی كوردستان خۆی گرفت و كێشەی تری هەیە و بەرگەی زیان و ئازاری زیاتر ناگرێت. بۆیە داوا لە وڵاتانی دراوسێ و هێزە كوردییەكان دەكەین ڕێز لە سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن و هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی ململانێێی خۆیان.
پەیامی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە يادى 16ى ئاب:
له يادى حه‌فتا و چوار ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتيماندا، به ڕێزه‌وه يادى شه‌هيدانى نەمر دەکەینەوە، کە له‌پێناو ئازاديى كوردستاندا گيانيان به‌خشى، دروود بۆ گيانى پاكيان و سڵاو بۆ خانه‌واده و كه‌سوكاريان و بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان ده‌نێرین. پيرۆزبايى له جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، مه‌كته‌بى سياسى، سه‌ركردايه‌تى، كادران، ئه‌ندامان، لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتيمان ده‌كه‌ين.
به شكۆوه يادى ڕابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزاني نه‌مر و ته‌واوى سه‌ركرده و تێکۆشەرە دێرینەکانمان ده‌كه‌ينه‌وه، كه وه‌ك زه‌رووره‌تێكى مێژوويى پارتييان دامه‌زراند و تا دوا هه‌ناسه‌يان له كۆڕى خه‌بات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و ڕێباز و قوتابخانه‌يه‌كى خه‌باتيان بۆ كوردستان و نەوەکانی دوای خۆیان به‌جێهێشت.
پارتى له‌پێناوى مافه ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه و خه‌باتى بۆ ديموكراسى و ئازادى و ڕێكخستنى سيستمى سياسى كردووه، كه له سايه‌يدا كوردستان سه‌رفراز بێت. له ڕێگه‌ى خه‌باتدا شانى داوه‌ته به‌ر هه‌موو سه‌ختييه‌كان، ئێستاش ئه‌ركى پارتى و كادرانيه‌تى له ڕێگه‌ى حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، كار بۆ باشتركردنى ژيانى كوردستانييان و تێپه‌ڕاندنى كێشه و قه‌يرانه‌كان بكه‌ن، وەک هەمیشه‌ش دەستپێشخەر و سه‌رمه‌شقى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌كاركردنى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان بن بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان.
له‌م ياده‌دا جه‌خت له ڕۆڵى گرنگ و كاريگه‌رى پارتى له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى ماف و شايسته ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌كرده‌ييكردنى فيدراليزم ده‌كه‌ينه‌وه، هه‌روه‌ها پێداگرى له‌سه‌ر گرنگى و پێويستيى كاركردن له‌سه‌ر بنه‌ماكانى سازان و هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كه‌ين بۆ مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و پێشكه‌وتن له وڵات.
له كاتێكدا ئه‌م ياده ده‌كه‌ينه‌وه، كه جيهان، ناوچه‌كه، عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى، له دۆخێكى سه‌خت و هه‌ستياردايه، كادران و ئەندامان و جەماوەری کۆڵنەدەری پارتیمان له‌گه‌ڵ كوردستانييان بەرگەی سەختی و بارگرانییان گرتووە و بەردەوام درێژەپێدەری کاروانى خه‌بات و تێكۆشانن، لەم یادەدا سوپاسيان ده‌كه‌م، سڵاو و ڕێز و پێ‌زانین بۆ خۆڕاگرييان، دڵنيام به خۆڕ‌اگرى و تێكۆشانيان ئه‌م قۆناغه سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێنين و به ئومێده‌وه به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین.
بەشداری لە پەرلەمانی کوردستان
دوای بڕیاری بەرەی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دوای راپەڕینی ئاداری 1991، پارتی وەک حزبێکی سەرەکی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد.
ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی یەکەم و دواخولی پەرلەمانی کوردستان:
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم) لە 19ـی ئایاری 1992 ئەنجام درا. پارتی لە کۆی 105 کورسیی پەرلەمان، 50 کورسی بەدەست هێنا.
لە کۆتا هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم لە 2018) پارتی لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان، 45 کورسی بە دەست هێنا.
پارتی تا ئێستا 13 کۆنگرەی لە چەندین شار و ناوچەی جیاواز بەستووە، کە بەشێکیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی کوردستان (شۆڕشی ئەیلوول) لە چیاکانی کوردستان بەستران.
کۆنگرەکان
– قۆناغی پێش شۆڕشی ئەیلوول (11-9-1961)، کە پارتی لە دژی حکوومەتی عێراق هەڵی گیرساند.
کۆنگرەی 1: لە 16-8-1946 لە ماڵی سەعید فەهیم لە بەغدا بە ئامادەبوونی 70 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.
کۆنگرەی 2: لە مانگی 3ـی 1951 ماڵی عەلی حەمدی لە بەغدا بە ئامادەبوونی 30 نوێنەری لق و ناوچەکان، بەسترا.
کۆنگرەی 3: لە 26-1-1953 لە کەرکووک بە ئامادەبوونی 35-40 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.
لەو کۆنگرەیەدا ناوی حزب لە پارتی دیموکراتی کوردەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕدرا.
کۆنگرەی 4: لە 7-10-1959 لە ماڵی کاکەزیاد لە شاری بەغدا، بە سەرپەرشتیی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.
کۆنگرەی 5: لە مانگی 5ـی 1960 لە بارەگای پارتی لە بەغدا، بەسترا.
– قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول
کۆنگرەی 6: لە مانگی 7ـی 1964 لە شاری قەڵادزێ بەسترا.
کۆنگرەی 7: لە 15-11-1966 لە شارەدێی گەڵاڵە لە سنووری باڵەکایەتی، بەسترا.
– قۆناغی حوکمی زاتی، کە لە 11ـی ئاداری 1970، پارتی، کە سەرکردایەتیی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستانی دەکرد، حکوومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
کۆنگرەی 8: لە 1-7-1970 لە گوندی ناوپردان لە باڵەکایەتی بە ئامادەبوونی 488 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.
-قۆناغی شۆڕشی گوڵان، کە پارتی لە 26ـی گوڵانی 1976 دژی حکوومەتی رژێمی بەعسی عێراق هەڵی گیرساند.
کۆنگرەی 9: لە 4-10-1979 لە زێوەی دەڤەری مەرگەوەر بەسترا.
لەو کۆنگرەیەکدا، کە دوای کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، لە 1ـی ئاداری 1979، بەسترا، مەسعود بارزانی، بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.
کۆنگرەی 10: لە 12-12-1989 لە ناوچەی مەرگەوەر بە بەشداریی 322 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.
– قۆناغی دوای راپەڕینی بەهاری 1991، کە گەلی کوردستان بە پشتگیریی حزبەکانی بەرەی کوردستانی (پارتی و حزبەکانی دیکە) دژی داگیرکاریی رژێمی بەعس ئەنجامی دا و بووە هۆی دامەزراندنی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان.
کۆنگرەی 11: لە ساڵی 16-8-1993 لە هەولێر بە بەشداریی 2167 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.
کۆنگرەی 12: لە 14-10-1999 لە هەولێر بە بەشداریی 1473 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.
کۆنگرەی 13: لە 11-12-2010 لە هەولێر بە بەشداریی 1500 ئەندام کۆنگرە، بەسترا.