سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە حکومەتی عێراق نایەوێت وەک قەبارەی خۆی مامەڵە لەگەڵ قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات.
سەرەڕای ئەوەی، کە سەرجەم مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، لە دەستووری عێراقدا دیاری کراوە، بەڵام هیچ کاتێک بەغدا نەیویستووە بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و دەیەوێت لە دەرەوەی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە هەرێم دەیەوێت بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئامادەیە هەموو مەرجە دەستوورییەکانی بەغدا جێبەجێ بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ڕێبوار هادی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم، ڕایگەیاند: لە دەستووری عێراقیدا زۆر بەڕوونی باس لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکان و تایبەتمەندییەکانی حکومەتی ناوەندی و تایبەت مەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە، هەموویان لە دەستوور چەسپێندراون و دەبێت بەپێی ئەو دەستوورە مامەڵە بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بەوەی بۆچی هەمشە بەغدا دەیەوێت لە دەرەوەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات گوتی “حکومەتی عێراق، کە پابەندی دەستوور نابێت، دەیەوێت دەسەڵات و تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە و نایەوێت وەک قەبارەی خۆی مامەڵە لەگەڵ قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بکات”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت “ئەم هەوڵانەی بەغدا بۆ ئەوەیە، کە بەشێک لەو دەسەڵات و تایبەتمەندییەی لە دەستووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوەش نە بەگوێرەی دەستوور ڕێگە پێدراوە، نە هەرێمی کوردستانیش بەوە ڕازی دەبێت”.
ڕێبوار هادی گوتیشی “ئەگەر بەغدا پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور بێت، بەدڵنیاییەوە هەموو کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبن، هیوادارین بەغدا پابەندی دەستوور بێت و ئەو مافانەی لە دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە وەک خۆیان جێبەجێیان بکات”.