رێککەوتنی ئێسرائیل و ئێمارات، شکستێک بۆ ئێران

0

ئەسعەد مورادی

سەرۆک کۆماری ئەمریکا 13-8-2020 ئاشکرای کرد، ئیسرائیل و ئیمارات بە مەبەستی پەیوەندی دیپلۆماتیک و هاوکاریکردنی زیاتر لە بوارەکانی پاراستن و ئابووری و تەکنۆلۆژی و سەرمایەداری، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە جیهاندا.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان. دۆناڵد ترەمپیش رێککەوتنەکە بە “مێژوویی” ناودەبات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە لەسەری نووسراوە “راگەیێندراوی هاوبەشی ئەمریکا، دەوڵەتی ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو”، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو رێککەوتنە “دیپلۆماسییە مێژووییە ئاشتی لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات”.

لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات سوودمەند دەبن “لەم دەستکەوتە مێژووییەی ئەمڕۆ”، بڕیاریشە شاندی هاوبەشی ئیسرائیل و ئیمارات لە هەفتەکانی داهاتوودا رێککەوتنی دوولایەنە واژۆبکەن لەسەر پرسەکانی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ، پرسی ئەمنی، هێڵەکانی پەیوەندی، تەکنەلۆژیا، وزە، تەندروستی، کولتوور، ژینگە، کردنەوەی باڵیۆزخانە و پرسەکانی دیکە کە سوودی هەردوولای تێدایە.

دەرەنجامی ئەو رێککەوتنە، لەسەر داوای سەرۆکی ئەمریکا و بە پاڵپشتیی ئیمارات، ئیسرائیل راگەیاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر ناوچەکانی فەڵەستیندا “هەڵدەپەسێرێت”. ئەمەش لەکاتێکدایە کە محەممەد بن زاید لە پۆستێکدا لە توویتەری خۆی رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ و نەتەنیاهوو، “رێککەوتوون لەسەر وەستاندنی لکاندنی خاکی فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە”. 

عەبدولفەتاح سیسی
”رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی
خۆشگوزەرانی و
سەقامگیریی ناوچەکە”

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە لکاندنی هەندێک بەشی کەناری رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە و گوتووشیەتی “ئیدارەکەی ترەمپ داوایلێکردوون، کە بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەساردنی رابگەیێنن”.

بن زاید ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتوون لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ هەماهەنگی هاوبەش و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.

لەو راگەیێندراوە هاوبەشەی ئەو سێ لایەنەدا کە دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردووەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئەم دیپلۆماسییەتە ئاشتییانە “دوو لە هەرە باوەڕپێکراوترین و بەتواناترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لێکنزیکدەکاتەوە. ئیسرائیل و ئیمارات لەگەڵ ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی کاری ستراتیژی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی فراوانکردنی کاری دیپلۆماسی، بازرگانی و هەماهەنگیی ئەمنی”.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر پاڵپشتیی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل دەربڕیوە و دەڵێت، “دەبێتەهۆی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ناوچەکە”.

هاوکات بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی بەوە وەسفکردووە کە “خەنجەرێکی خیانەتە و لە پشتی گەلی فەڵەستین دراوە”.

ئێران: خوێنە بەناحەق رژاوەکانی
حەوت دەیە خۆراگریی قیبلەی یەکەمی موسڵمانان،
درەنگ یان زوو بەرۆکی ئەوانەی خیانەتیان لە
ئارمانەکانی فەلەستین کردووە دەگرێت

بە گوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە تۆڕۆ کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەشی فارسی، بنیامین نەتانیاهۆ سوپاسی هەریەکە لە وڵاتانی میسر، بەحرێن و عەمانی کوردووە و بۆ پشتگیرییان لەو رێککەوتنەی نێوان ئەسرائیل و ئیمارات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە تووندی ئیدانە دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو هەڵە ستراتیژییەی ئەبوزەبی و تەلئەڤیڤ کردوویانە ئەنجامەکەی بەهێزبوونی بەرەی خۆڕاگرییە لە ناوچەکە.

بەڵام لە یەکەم کاردانەوە دژی رێککەوتنەکە وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، ئیدانەی دەکات و رایدەگەیێنێت، خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و هەموو گەلە ئازادیخوازەکانی جیهان، هیچکات لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی داگیرکار و تاوانکاری ئیسرائیل و هاودەستیی لە تاوانەکانی ئەو رژێمە خۆش نابن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، بێگومان خوێنە بەناحەق رژاوەکانی حەوت دەیە خۆراگریی بۆ ئازادیی خاکی پیرۆزی فەلەستین و قیبلەی یەکەمی موسڵمانان، درەنگ یان زوو بەرۆکی ئەوانەی خیانەتیان لە ئارمانەکانی فەلەستین کردووە دەگرێت.

لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەنگاوە شەرمنانەکەی ئەبوزەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ساختە، ناشەرعی و دژە مرۆڤایەتییە زایۆنیستییەکە، بە هەنگاوێکی مەترسیدار دەزانێت. هۆشداریی دەداتە هەر دەستێوەردانێکی ئیسرائیل لە ناوچەی کەنداو و رایدەگەیێنێت، ئیمارات و هەموو ئەو وڵاتانەی پشتیوانین، دەبێت بەرپرسیاریەتیی هەر لێکەوتەیەکی لە ئەستۆ بگرن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵنیایی دەدات، لەوەی کە مێژوو دەیسەلمێنێت چۆن ئەو هەڵە ستراتیژییە لەلایەن رژێمی ئیسرائیل، و “ئەو خەنجەرەی لەلایەن ئیماراتەوە لە پشتی خەڵکی فەلەستین و هەموو موسڵمانان دراوە”، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەرەی خۆڕاگریی و لەهەمانکاتدا هاودەنگیی لە دژی رژێمی ئیسرائیل و رژێمە دواکەوتووەکانی ناوچەکە، دەگەیێنێتە لووتکە.

نوسه‌ر و ئابوریناس، لێكۆڵەر و نوسەر له‌سه‌ر نه‌وت و سێكته‌ره‌كانی ئابوری، لە نوسینێکدا لەژێرناوی وانەکانی ڕێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل بۆ کورد دەڵێت،‌ ماوەیەکە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل لە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان. پاڵنەرەکانی پشت ئەم ئاراستە نوێیە زۆرن، هەوڵئەدەین لێرەدا ئەوانەی بەرچاوبخەین کە چەند وانەیەکیان بۆ پرسی کورد و دۆخی کورد تیادایە.
یەکەم، ماندووبون دونیای عەرەبی لە فەلەستینیەکان. ئاشتی فەلەستینی و دەسەڵاتی فەلەستینی دەرئەنجامی کۆتایی جەنگی سارد و شەڕی کوێتە.

هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە. کەواتە هەردوو بەرهەمی وەرچەرخانی دۆخی سیستەمی جیهانین. لە سی ساڵی ڕابوردودا، فەلەستینیەکان، سەرباری پشتیوانی زۆر نەیانتوانی سیستەمێکی حوکمڕانی خزمەتگوزار بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەموو وزەیان بۆ پەرتی و ململانێی یەکتر تەرخانکردوو. هەروەها هەتا ئاستێکی باڵا حکومدارییەکی گەندەڵیان دروستکرد. ئەمە لە زۆر شێوازدا هاوشێوەی کوردستانە، پەرتی، گەندەڵی، نەبوونی توانای حوکمڕانی باش.

ئەم دۆخە وەک چۆن لە
قازانجی فەلەستینیەکاندا نەبوو،
بە هەمانشێوە لە قازانجی کورددا نابێت

ئەگەر ئاشتی ئیماراتی ئیسرائیلی، چەندین هۆکاری هەبێت، بە دڵنیاییەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ماندوێتی وڵاتانە لە دەسەڵاتی فەلەستینی. ئەم دیاردەی ماندوبوونە، بۆ دۆخی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چەندین شێوازی جیاواز هاوکاری هەرێمی کوردستان بووە. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە، کە ڕیفۆرمی سەربازی و سیاسی و ئابوری ڕووبدات، بەڵام زۆرێک لە دۆستانی کوردیش تووشی ماندوبوون بوون، لە ئەنجامنەدانی هیچ ڕیفۆرمێک. ئەم ماندوبوونە دوورکەوتنەوە و پشتتێکردن و گوێپێنەدان ئەنجامی دەبێت.

دووەم، وەرچەرخانی سیستەمی جیهانی. وەک چۆن کۆتایی جەنگی سارد و شەڕی کوێت، پرسی فەلەستینی بە نێودەوڵەتی کرد و هەرێمی کوردستانی بەرهەمهێنا، بە هەمانشێوە، ئێمە لە ساتەوەختەکانی وەرچەرخانی سیستەمی جیهانیداین، کە رەنگە دونیای نوێ وەک چەند دەیەی ڕابردوو نەبێت. دونیای نوێ ململانێی زیاتر تیادا دەبێت، پرسە ناسیونالیستییەکان زاڵتر دەبن، هێزە بچوکەکان دۆخیان باش نابێت. ئەم دۆخەیە وەها لە ئیمارات دەکات، کە چیدی تەنها خەمی خۆی بخوات، نەک فەلەستین و خیتابی ئەلتراناسیونالیستی پانعەرەبیزم. ئەم گەڕانەوەیە بۆ دۆخی هێز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. هێز لە قازانجی بەهێزە و وڵاتان بەهاکان وەلادەنێن و خەمی خۆبەهێزکردن دەخۆن، ئەم دۆخە وەک چۆن لە قازانجی فەلەستینیەکاندا نەبوو، بە هەمانشێوە لە قازانجی کورددا نابێت. کورد وەک فەلەستینیەکان لە بڕی خۆ بەهێزکردن لە پرۆسەیەکی زۆر سەرکەوتوانەی خۆ لاوازکردندایە لە هەموو ئاستێکدا.

سێیەم، کۆتایی نەوت. هەرچەندە پاڵنەری تر زۆر باسدەکرێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئاشتی ئیماراتی ئیسرائیلی کۆتایی نەوتە. ئێماراتییەکان پێشەنگی وڵاتانی تری ناوچەکەن لە هەنگاونان بەرەو ئابوری پاش نەوت. کرۆکی ئابوری پاش نەوت تەکنەلۆجیایی باڵایە یان ئەوەی، کە پێی دەوترێت AI زیرەکی دەستکرد. ئەی ئای ئەو جۆرە ئامێرانەن کە خۆیان توانای ئەوەیان هەیە، کە ئەلگۆریزم بۆ خۆیان دابڕێژن. ئیسرائیل پێشەنگی نەک هەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو جیهانە لە بواری ئەی ئایدا. ئەم تایبەتمەندییەی ئیسرائیل وەهای لە ئەو وڵاتە کردوە، سەرباری بچوکی، وڵاتە گەورەکانی جیهان کێبڕکێ بکەن بۆ هەبونی پەیوەندی فراوان لە گەڵیدا، چین و هیند بۆ نمونە و وڵاتانی تری زۆر. ئیماراتییەکان دەیانەوێت لە بوارەکانی وزەی نوێبوەوە، ئاودێری وکشتوکاڵ، تەندروستی و دەرمانسازی، سودمەندبن لە توانای ئیسرائیلی، بۆ ئەوەی بتوانن لە دونیای پاش نەوتدا بمێننەوە.

رووداوەکان دەسەڵاتدارییەتی ناوخۆیی
کۆماری ئیسلامیشی لەگەڵ
دژۆارترین دۆخ روبەڕوو کردووەتەوە

رەزا کەعبی، جێگری سکرتێی گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (رۆژهەڵاتی کوردستان)، لەبارەی هۆکاری هەڵوێستی توندی ئێران لەسەر ئەو رێککەوتنە بە نوچەی راگەیاند: ئەم رێککەوتنەی ئیسرائیل و ئیمارات، شکستێکی دیکەی “هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی‏” پاش نۆشینی جامە ژەهرەکە و شکستی ئیدئۆلۆژیکی رژیمی ئێرانە.

رەزا کەعبی دەشڵێت، ئەمە “هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆری ئێران، که له ناو گۆمی شڵەقاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له ئاوەکانی کەنداو، بیابانەکان، قامیشەڵانەکان له سوریە، لوبنان و عێراق، گورزی بەردەکەوێ و ڕۆدەچێ و دەسەڵاتدارییەتی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیشی لەگەڵ دژۆارترین دۆخ روبەڕوو کردووەتەوە.

لایەنە عێراقیەکان:
داوا لە وڵاتانی عەرەبی و
ئیسلامی دەكات دەنگ هەڵبڕن

هاوپەیمانی فەتح، بە سەرۆکایەتی هادی عامری رایگەیاند، ئیدانەی ئەو هەنگاوە دەکەن، داوا لە ویژدانی جەماوەریی ئیماراتی، عەرەبی و ئیسلامی دەکەن لە پاڵ مافی گەلی فەڵەستین بوەستن و هەموو گەلان، وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی بایکۆتی دەسەڵاتدارانی ئیمارات و هەموو ئەوانە بکەن کە دەستی دەوقەکردن بۆ “قەوارەی زایۆنی” درێژ دەکەن.

هاوپەیمانی فەتح داوای زیندووکردنەوەی هۆشیاری ئیسلامی دەکات بۆ دەرخستنی بەهای ئیسلامی و دەشڵێت، ئەو ئومەتە بە تەنیا دەسەڵاتدارانی ئیمارات نین، بەڵکو ئەو بوونە گەشەیسەندووە و هۆشیاری بەرگری و قارەمانییەتی لە گۆڕەپانی ئەو ئومەتەدا درێژ دەبێتەوە.

نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێكدا ئاساییكردنەوەی هەموو جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسڕائیل رەتدەكاتەوەو پێیوایە “هەوڵەكانی نزیكبوونەوەی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئیسڕائیل ناپاكیكردنە لە ئەمانەتی خودا و موسوڵمان، هەروەها بازدانە بەسەر ئەو قوربانیە زۆرەی ئوممەتی ئیسلامی داویەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسڕائیل و پێشێلكردنی بەردەوامی پرسی دادوەرانەی فەلەستین”.

مالیكی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیل بە چەسپاندنی “پلانی ریسوایی” دەزانێت و دەڵێت: “پڕۆتۆكۆلی هاریكاری نێوان ئیمارات و ئیسڕائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا هەوڵَێكە بۆ دووبارە چەسپاندنەوەی پلانی ریسوایی و لەدەستدانی ئەو مافە رەوایانەی گەلی فەلەستین كە شەرعیەتی نێودەوڵەتی دانی پێداناون”.

دەشڵێت “ئەو هەنگاوە پێشبینینەكراوەى ئیماراتی عەرەبی سەلماندنی گرێبەستی سەدەیە كە نەخشەی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل دەگۆڕێت، هاوكات پێشێلكردن و سەرپێچیكردنی بڕیارەكانی كۆمكاری عەرەبی، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەیە كە دانیان بە مافەكانی گەلی فەلەستین داناوە لەسەر خاكی خۆیان”.

بەپێی راگەیەندراوەكە “مالیكی داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكات دەنگ هەڵبڕن و ئەو داڕووخانە سیاسییە عەرەبییە رەتبكەنەوە، داواش لە ئوممەی ئیسلامی و عەرەبی دەكات سەركۆنەی “ئەو هەنگاوە ترسناكە” بكەن و كار لەسەر وەستاندنی بكەن”.

لای خۆیەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق هێرشی تووندی کردە سەر ئەو رێککەوتنە و رایگەیاند، ئەو هەڵوێستە خەجاڵەتبارەی دەسەڵاتدارانی ئیمارات زنجیرەیەکە لە زنجیرەکانی خیانەت و بەکرێگیراویی.

خەزعەلی ئاماژەی بەوەکرد، سیستەمێک بە سەرۆکایەتی ئالسعود ژینگەیەکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆیە دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری کرانەوە بە رووی قەوارەی زایۆنی، بۆ ئەوەی زنجیرەی دیکەی ئاسایی بوونەوە پێشکەش بکات.

قەیس خەزعەلی جەخت لەوەدەکاتەوە، میحوەری بەرگری “مقاوەمە” بەهەموو شێوەیەک ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیلی رەتدەکاتەوە و دژی ئەو پرۆژەیە دەوەستێتەوە و شکستیپێدەهێنن.

هەروەها بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی، کە بەرەیەکی عەرەبی سوننە مەزهەبە ئیدانەی رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل دەکات و بە رۆژێکی خامناک ناوی دەبات.

بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “یادەوەریی عەرەبی ئیسلامی پێویستی بە هیچ بەڵگەیەک نییە لەبارەی تۆمارەکانی زایۆنی و خواردنی مافی گەلی عەرەبی فەڵەستینی، لێدان لە یاسا و رێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە” .

بەرەی رزگاری و گەشەپێدان دەڵێ، راگەیاندنی پرۆتۆکۆلی هاوکاری نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا دووپاتدەکاتەوە لەسەر لێکترازانی ریزی عەرەبی و پابەندنەبوون بە رێککەوتننامە عەرەبییەکان و گەڕاندنەوەی زنجیرەی کامپ دیڤد و ئۆسلۆ و لێکەوتە هیوابڕەکانی.

بەرەی رزگاری و گەشەپێدان دووپات لە پەرەنسیپە نەگۆڕەکانی دەکاتەوە و ئیدانەی ئەو رێکەوتنە دەکات و داوا هەڵوەستەی عەرەبی و مافی عەرەبی فەڵەستینی دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com