شلێر سەعید
ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: محەمەد حەلبوسی بە مەبەست دانیشتنی پەرلەمان ناكات و وەڵامی پەرلەمانتاران ناداتەوە. ئەندام پەرلامنێکی کورد پێیوایە، داواکردن بۆ دانیشتنی پەرلەمان موزایەدەیە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە ٣ی تەموزەوە پشوی هاوینەیان دەستیپێکردووە. بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی رەتیدەکاتەوە.
ئەحمەد كنانی، لە لێدوانێکدا لە ئاژانسی مەعلومە دەڵێت: ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان كردووە کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی ڕەتیان كردووەتەوە، حەلبوسی دەیەوێت پەرلەمان پەك بخات و بەمەبەست دانیشتن ئەنجام نادات . حکومەتی بەبێ پەرلەمان ناتوانێ هەنگاوی پێویست بۆ دۆخی ئێستا بنێت کە قەیرانی تەندروستی و دارایی هەیە.
لە لێدوانێكی تایبەت سەبارەت بە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەنوچەی ڕاگەیاند:هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران داوایان كردووە دانیشتنی بەپەلە بكرێت، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی تا ئێستا ڕای نەگەیاندوە دانیشتن دەكرێت یان نا.
گوتیشی باوەڕناكەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕازی بێت دانیشتن بكات، چونكە ئێستا ئەندامان لە پشوی تەشریعین تا ٣ی مانگی نۆ، لەلایەكی دیكە ئێستا كۆرۆنا لە لوتكەیە وڕێگاو بانەكان داخراون هاتوچۆكردن لە نێوان پارێزگاكان سەختە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، ئاماژە بەوەدەکات ئەو ئەندام پەرلەمانانەی داوای دانیشتن دەكەن زۆربەی موزایەدە دەكەن، ئەگەرنا لە دڵسۆزی نییە .