سلێمانی
باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، سووتانی بارەگاکەمان لە پشدەر دەستی لە پەشتە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە لەپشت ڕووداوەکەن.
لە خۆپیشاندانێكدا لە رۆژی 12-8-2020، مەكۆی بزووتنتەوەی گۆڕان لە قەڵادزێ لە سنووری پشدەر، سووتێندرا و بارەگای ناوچەی پارتیش بەردبارانكرا، لە دوای سووتاندنی مەکۆی پشدەر، ئەنجوومەنی قەزای پشدەری بزووتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “لەناو خۆپیشاندانەکاندا، ژمارەیەک لە گەنجان لە ژێر تووڕەبوون و گوشاری کاتیدا رووبەڕووی مەکۆی پشدەر بوونەوە و زیانی ماددیان پێگەیاند، لە بەرامبەریشدا پاسەوانەکانمان مامەڵەیەکی مەدەنیان لەگەڵ کردن و بێ هیچ کاردانەوە و زیانێکی گیانی ئەو ژمارە لە خۆپیشاندەرە شوێنەکەیان جێهێشت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نزار مەحمود، باژێروانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵەبجە، لە بارەی سوتانی بارەگای گۆڕان لە پشدەر، ڕایگەیاند “ئێمە وای نایبینین سوتانی بارەگاکەمان لە پشدەر، هۆکاری ئەوە بێت خەڵک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان هەبێت، بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان لەوە تێدەگات، بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە نییە، کە ئێمە چووبینەتە حکومەتەوە، بۆ ئەوەی دزی و ڕاو ڕووت بکەین یان بمانەوێت گەندەڵی بکەین، وەک ئەوانەی دەسەڵات”.
سەبارەت بە هۆکاری سوتانی بارەگاکەیان، نزار مەحمود، دەڵێت “هۆکاری سوتانی بارەگای گۆڕان لە پشدەر پەیوەندی بەو قسانەی عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەبوو، کە دەربارەی ئەو گەندەڵیانە کردی، لە خاڵە گومرگییەکانی سنوری باشماخ و ئیبراهیم خەلیل ڕۆژانە دەکرێت، هەروەها بەرژەوەندی هەندێک کەس هەیە بەو قسانە دەکەوێتە مەترسییەوە”.
باژێڕوانی گۆڕان لە هەڵەبجە، گوتیشی “سوتانی بارەگاکەمان لە پشدەر دەستی لەپەشتەوەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵا لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار دەکات، کە لەپشت ڕووداوەکەن، چونکە ئەمە پێویستی نەدەکرد بەو شێوەیە بێت، هەتا ئەگەر هەڵچونێکی جەماوەریش بوایە، بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووایە و دیاری نەکرایە بۆ لایەنێکی دیاری کراو، بەئەنقەست چەند کەسێکی گێرە شێوێنیان هاننەدایە بۆ ئەوەی بارەگاکە بسوتێنن، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد”.
نزار مەحمود، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە ئێمە لایەنێکی ناو حکومەتین، بەڵام دوولایەنی دیکە هەن، کە هەموو دەسەڵاتەکان، قۆرخ کارییەکان و گەندەڵییەکان لای ئەو دوولایەنەن، دەبوایە لەپێشدا پەلاماری ئەوانیان بدرایە دوایی بارەگای ئێمە، ئەوکاتە بەلامانەوە ئاسایی بوو.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان، جەختیشیکردەوە و گوتی “هێزە ئەمنییەکانی پشدەر بەرپرسن لە پاراستنی هەموو دامودەزگا حزبی، حکومەییەکان و سەروماڵی هاوڵاتیان لە سنووری پشدەر، بزووتنەوەی گۆڕان هێزێکی مەدەنییە و دەبێت حکومەت بارەگاکانی بپارێزێت”.