وەزیری دارایی و ئابووری: كار دەكەین بۆ ئەوەی سەرجەم پارەی نەوتی فرۆشراو بۆ هەرێم بێت
نوچە: هەولێر
وەزیری دارایی و ئابووری ئاشكرای دەكات، كە كار دەكەن بۆ ئەوەی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، سەدا سەد بۆ هەرێم بێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت، حكومەتی بەغدا بە بڕینی بەشە بودجە، غەدرێكی زۆری لە هەرێم كردووە.
رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی “حكومەتی هەرێم بە مافی خۆی دەزانێت سەرجەم پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بۆ خۆی گلبداتەوە نەك تەنها سەدا حەڤدەی بۆ خۆی ببات، چونكە حكومەتی عێراق بە بڕینی بودجە غەدرێكی گەورەی لە هەرێم كردووە، بۆیە پاش جەژن رێوشوێنەكان تەواو دەبن و حكومەتی عێراقیش بەو كارە ئاگادارە”.
وەزیری دارایی هەرێم لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەچارەسەركردن یان نەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەرەتای ساڵی نوێوە بەهۆی ناردنی بڕی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە رۆژێكدا بەشی هەرە زۆری ئەو قەیرانە دارایییەی كە حەوت مانگە هەرێم پێوەی دەناڵێنێ، كەم دەبێتەوە.
ئاشكراشی كرد حكومەتی هەرێم بەنیازە قەرزی دەرەكی بكات، بەڵام هێشتا بەرەسمی داوای قەرزی لەهیچ وڵاتێك نەكردووە و لەمبارەوە چەند وڵات و كۆمپانیایەكی دەرەكیش ئامادەیی خۆیان بۆ پێدانی قەرز بە حكومەتی هەرێم نیشانداوە.
وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رێباز محەمەد حەملان لە درێژەی قسەكانیدا وتی “لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 400 هەزار موچە خۆر هەیە و ژمارەیەك خەڵكیش هەن كە دوو موچەیان هەیە. حەوت مانگە حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە كە دەبوایە مانگانە یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینار بنێرێ”.