نوچە-الفرات نیوز
هاوپەیمانی نەسر، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە بارەی هێرشەکەی تورکیا و کردنە ئامانجی هێزەکانی پاسەوانی عێراق هەڵوێستی وەرگرت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ئەگۆست، هاوپەیمانی نەسر لە بەیانێکی فەرمیدا، هێرشەی تورکیای بە دەستدرێژی و نادیدەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد و وێڕای ئیدانەکردنی، جەختیشی کردەوە، کە قابیلی قبووڵ نییە ئەنقەرە لەم هێرشانەی بەرەدوام بێت.
هاوپەیمانی نەسر هەروەها داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە، دژ بە تورکیا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا تۆمار بکات و هەموو بژاردەکان بۆ وەڵامدانەوە بە تورکیا بخاتە سەر مێز.
لە راگەیێندراوێکدا، کە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، وردەکاریی کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە بڵاوکراوەتەوە، کە كاتژمێر 2:45 خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 11ی ئاب، لە ناوچەی برادۆست بووە، كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی عێراق خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون، کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لەلایەن فڕۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور کراوەتە ئامانج.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بە شەهیدبوونی دوو ئەفسەری هێزەكە داوە بە ناوەكانی (عەمید محەممەد رەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و (عەقید زوبێر حالی تاجەددین، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانی سنوور). هەروەها برینداربوونی (عەقید حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن).