نوچە
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی مەلا عوسمان کانی کوردەیی، کە گوایە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لێیدراوە و خەڵک دەستگیرکراوە بڵاو کردەوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی پۆلیسی هەولێر، کە تێیدا هاتووە “سەبارەت بەو لێدوانەی ئەمڕۆی مامۆستا عوسمان کانی کوردەیی، کە ڕایگەیاندووە، گوایە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لێیدراوە و خەڵک دەستگیرکراوە، لێرەوە بەپێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە، ئەو قسانەی ناوبراو هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و بە هیچ شێوەیەک هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە و نە ئەو مامۆستا بەڕێزە و نەکەسانیتریش دەستیان لێ بەرز نەکراوەتەوە”.
پۆلیسی هەولێر روونیشکردۆتەوە “ئەوەی ڕوویداوە ئەم مامۆستا بەڕیزانە بەبێ مۆڵەت گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێشێل کردوون و لەلایەن هێزەکانی پۆلیس بەشێوازێکی زۆر یاسايی و مەدەنیانە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەوڵیانداوە بۆ خۆپارێزی لە فایرۆسی کۆرۆنا بڵاوەیان پێبکرێ، دووبارەی دەکەینەوە هەموو بەڵگە و وێنە و ڤیدۆکان لە بەردەستن، کە هیچ کەس دەستگیرنەکراوە و کەسیش دەستی لێ بەرز نەکراوەتەوە، هەموو ئەوەشی لەوبارەیەوە دەگوترێ دوورن لە راستی و بەهەموو شێوەیەک قسەکانی ئەو مامۆستا بەڕێزە ڕەتدەکەینەوە”.