وەزارەتی ناوخۆ: تورکیا و پەکەکە چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانی ململانێکانیان

0

نوچە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی سوپای تورکیا بۆ سەر سیدەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند “پێویستە  پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە”.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وردەکاریی کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە بڵاوکراوەتەوە، کە كاتژمێر 2:45 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاب، لە ناوچەی برادۆست بووە، كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی عێراق خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون، کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لەلایەن فڕۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور کراوەتە ئامانج.

راگەیێندراوەکە ئاماژەی بە شەهیدبوونی دوو ئەفسەری هێزەكە داوە بە ناوەكانی (عەمید محەممەد رەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عەقید زوبێر حالی تاجەددین، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانی سنوور). هەروەها برینداربوونی (عەقید حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن).

وەزارەتی ناوخۆ لەو راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت “دووپاتی دەكەینەوە، كە پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانی ئەو ململانێیە”. هەروەها دەشڵێت “خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان”.

ئەمڕۆ ژمارەیەک فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراقی لە برادۆست چوونەتە لای پەکەکە بۆ هەماهەنگیکردن و وەستانی شەڕ، لەوکاتەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی کردوون.

دەستەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە، لە ناوچەی سیدەکان فڕۆکەی تورکی هێرشیان کردووەتە سەریان و ئامر لیوای دووی پاسەوانیی سنوور – ناوچەی یەک، ئامر فەوجی سێ لە لیوای دوو و شۆفێرەکەیان کوژراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com