ئەسعەد مورادی
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا رایدهگهیهنێت، لەگەڵ ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەتەوە پێیان راگەیاندوون نابێت پرسی مووچەی كوردستان بە سیاسی بكرێت. دەشڵێت ”هەردوو حكوومەت لە قۆناغی دانووستانی جددیدان”.
بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی عێراق بە دەستوور و جێبەجێنەکردنی، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ بەم لاوە کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەندی لە چەندین بواردا قوڵکردۆتەوە و تاکو ئێستاش بەغدا ئامادە نەبووە بە گوێرەی دەستوور مافەکانی هەرێ دابین بکات بە تایبەتی شایستە داراییەکان، ماددەی ١٤٠، پێشمەرگە و کۆمەڵێک پرسی دیکە. بەڵام بە هاتنە سەر کاری کازمی و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە، پێدەچێت دانوستاندنەکان ئەرێنی بن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا، لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، رایگەیاند: لەگەڵ حەمید غەزی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر چەند پرسێك كۆبوونەتەوە، لەوانەش مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق.
فارس عیسا گوتیشی، لە كۆبوونەوەكە، جەخت لەوە كرایەوە، كە نابێت پرسی مووچەی كوردستان بە سیاسی بكرێت و دەبێت حكومەتی عێراقی فیدراڵ ئەو بابەتە چارە بكات، لەم روانگەیەشەوە هەڵوێستی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەرێنی بوو.
لە بارەی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا نوێنەری حکومەتی هەرێی کوردستان گوتی “بەرەوپێش چوونی باش لە دانووستاندنەكاندا هەیە، هەردوو حكوومەت لە قۆناغی دانووستانی جددیدان.