سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لەهەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە ١١-٨-٢٠٢٠ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هاوینە هاواری دووکان کۆبوونەوە، شاندەکەی یەکێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتی دەکرێت، هەروەها شاندەکەی پارتیش لەلایەن هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرپەرشتی دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، وەیسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند”پاتی و یەکێتی وەک دوولایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاڵی هاوبەش و گرنگیان لەگەڵ یەکدی یەکجار زۆرە، بۆیە بەدڵنیاییەوە هەر کۆبوونەوەیەکی پارتی و یەکێتی گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت، بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و لێک نزیکبوونەوەیان”.
وەیسی سەعید، دەڵێت”کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی گرنگ و پێویست بوو، بۆ ئەوەی هەوڵی ئاساییکردنەوەی هەموو ئەو ساردی و گیر و گرفتانە بدەن، کە پێشتر لەپەیوەندی نێوان هەردوولا هەبووە، بەدڵنیایی ئەم کۆبوونەوەیە نە یەکەم کۆبوونەوەیە و نە دواین کۆبوونەوەیە، بەڵکو کۆبوونەوەی دیکەش دەکرێت، ئەم جۆرە کۆبوونەوەنا لە قۆناغی ئێستادا، کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی نەخوازراو بووەتەوە، پێویستە بەهەموومان تێپەڕێنین”.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دەڵێت”یەکێک لەو تەوەرانەی کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی باس دەکرێت، پرسی هەڵبژاردنی پیشوەختەی عێراقە، کە بڕیارە لە مانگی ٦ی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، چونکە بۆ پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویست بەوەدەکات زیاتر دید و بۆچوونی لایەنەکان لەیەکتری نزیک ببێتەوە، هەموومان دەزانین کە یاسای هەڵبژاردن لە عیراق هەموار کرایەوە، کە ئەوەش گرفت دووست دەکات”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختیشیکردەوە و گوتی”چاوەڕوان دەکرێت لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەردوولادا گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل لەسەر هەڵبژاردنی پیشوەختە لە عێراق بکرێت، بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەهەرێمی کوردستان”.