گفتوگۆی پێشمەرگەو سوپای عیراق بە کوێ گەیشت؟

0

سلێمانی

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پیشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ ناوچەیەکی بۆشایی ئەمنی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پڕنەکراوەتەوە، بەڵام گفتو گۆکانمان هەر بەردەوامن بۆئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر هەموو پرسەکان.                                                                                                                بەهۆی ئەو بۆشایییە ئەمنییەی، کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروستبووە. تیرۆرستانی داعش توانیویانە سود لەو بۆشایییە وەربگرن و چالاکییەکی ئەنجامبدەن، چەندجارێکیش هەرێمی کوردستان داوای کردووە، کە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە ئەمنییانە، ئێستاش کۆبوونەوە و دانیشتنی بەردەوام لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەردەوامە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بارەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ڕایگەیاند”تائێستا هیچ بۆشایییەکی ئەمنی لەلایەن هێزی پێشمەرگە پڕنەکراوەتەوە، تەنها کۆبوونەوە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبووە و ئاڵوگۆڕی بیرو ڕامان کردووە، هێشتا نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و هیچ کارێکی عەمەلیشمان لە هیچ شوێنێک ئەنجام نەداوە، چونکە ئێمە بڕیارمانداوە پرۆسەکە بەیەک پاکێج ئەنجامبدەین”.                                                                                

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت”لە کۆبوونەوەکانماندا باسی هەموو بابەتێکمان کردووە، لەوانە چۆنێتی دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی، لەکوێ ناوەندەکە دابمەزرێنین، شێوەی ناوەندەکان چۆن بێت و کاریان چۆن بێت، ئینجا دوایی ئەو ناوچانەی کە پێویستن هێزی هاوبەشیان تێدابێت، هێڵی هاوبەش لە کوێ دروستبکەین، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش چۆن ئەنجامبدەین، بەڵام ئەمانە هەمووی تائێستا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق”.                                                                                              

 جەبار یاوەر، باس لە تەوەتی گفتوگۆکان دەکات و دەڵێت”گفتوگۆکان سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرن، یەکەم دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لە ناوچەکانی دیالە، کەرکوک، مەخمور و موسڵ، دواتر لە هەولێر و بەغدا، دووەم دامەزراندنی هێڵی هاوبەش، بۆ ناوچەی ئەمنی هاوبەش، سێیەم ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی هاوبەش دژی داعش، وەک لیژنەی باڵای هەماهەنگی پیشمەرگە پیشنیارمان کردووە، کە هەموو پرسەکان بەیەک پاکێج پێکەوە ئەنجامبدەین و پچڕ پچڕی ناکەین، ئێستا لە هەندێک لەو پرسانە گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی و کۆنکرێتیمان واژۆ نەکردووە، کە هەموو بابەتەکان کۆتاییان هات، ئەوکاتە واژۆی ڕێککەوتن دەکەین و دەیخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە”.                                                                     

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەکات، بەدریێژای زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر دوو هێڵ هەیە، هێڵێکی پێشمەرگە و هێڵێکی سوپای عێراق، ئەم دووهێڵە لە هەندێک شوێن بەرامبەر یەکن و نزیکن لەیەکتر، لە هەندێک شوێن چەند کیلۆمەترێک لەیەکتر دوورن، لەنێوان هەردوولاش جارجار دانیشتن و کۆبوونەوە دەکرێت.                

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، رونیدەکاتەوە”پڕۆسەی هەماهەنگی پڕۆسەیەکی گەورەو گشتگیرە، پێوستی بە دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگییە لەهەموو ناوچەکان بەدرێژایی هێڵەکە، هەروەها پێویستی بە دیاریکردنی ناوچەی کاری هاوبەش، ئامادەکردنی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئامادەکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەیە، کە ئەمانەمان هیچی نەکراوە”.                                                                        

ناوبراو جەختیشیکردەوە”پرۆسە هەماهەنگییەکە، پەیوەستە بە چۆنێتی پاراستنی ناوچەکە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی داعش، دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی، ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری و ڕادەستکردنی تاوانباران کە لەسنوری یەکتری هەن، جا ئەمەش پڕۆسەیەکی گەورەیە و ئێمە لە گفتوگۆ و دانیشتنداین، بۆ ئەوەیە بەئالیەتێکی گونجا و ئەم پڕۆسەیە بەگشتی ئەنجامبدەین، هێشتا نەگەیشتووینەتە کۆتایی داڕشتنی ئالیەتی تەواوی ئەم پڕۆسەکە”.                                                                                                            

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com