نوچە
بریارە سبەی كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
شەوی 27-7-2020 بە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ماوەیەکی زۆر لە گرژیی و کۆنەبوونەوە، ئاساییکرایەوە. دواتر هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی مەسروور بارزانی ،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
بەپێی زانیارییەكان، سبەی سێشەممە ١١ی ٨ی ٢٠٢٠، كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە دەچێت و كۆبوونەوەكە كاتژمێر ١١-ی پێش نیوەڕۆ لە هاوینەهەواری دووکان ئەنجام دەدرێت و لە لایەن پارتییەوە هەریەك لە هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و عەلی حوسێن، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی بەشدار دەبن. لە لایەنی یەكێتیشیەوە ڕزگار عەلی، شاڵاوی عەلی عەسكەری و خەسرەو گوڵ محەمەد بەشداری دەكەن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەیان، باس لە هاوهەڵوێستی لەبەرامبەر بەغدا و پشتیوانیکردنی یەکێتی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و راگرتنی هێرشی راگەیاندن لە بەرامبەر یەکتری دەكەن.