شلێرسەعید
دوبارە عێراقیەكان ڕژانە سەرشەقامەكان و داوای هەلی كارو دامەزراندن و كۆتایی هێنان بە گەندەڵی دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە باری ئاسایشی عێراقیش لەمەترسی دایە، و ئەمڕۆ دووشەممە 10-8-2020، بۆمبێکی چێندراو لە دەورووبەری دەریاچەی حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالە، بە کاروانێکی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە و شارەزایەكی باری ئەمنی-یش دەڵێت ”پێشبینی دەكرێت دووبارە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەکان دەستپێبكاتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، کە بارودۆخی خراپی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق، لەو پەڕی خراپیدایە و ناكۆكییە سیاسییەكانیش بەردەوامن، ساڵ بە ساڵ خزمەتگوزارییەكان لەم وڵاتەدا خراپتر دەبن و ئەمساڵیش عێراق لە لوتكەی وڵاتانی پڕ گەندەڵی و كەم خزمەتگوزاری و هەژاری لە جیهان دەرچوو.
لە لێدوانێكی تایبەتدا لەم بارەوە، ئەحمەد كازم ڕۆژنامەنوس و شارەزای بواری ئەمنی بەنوچەی ڕاگەیاند: مەترسی هەیە دوبارە ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژكراو و تەقینەوەكان دەستپێبكاتەوە، بە دەستنیشانكردنی كاتی هەڵبژاردنەكان، چونكە هەندێك لایەن نایانەوێ هەڵبژاردن بكرێت و ئاژاوە دەنێنەوە و لەلایەكی دیكەوە بڕیاری دامەزراندنی ئەو 400 كەسەی كازمی باسی كردووە بۆتە هۆی ناڕەزایی شەقام.
ئەحمەد گوتیشی، عێراق چەندین ساڵە بینەری تەقینەوەكانە و دەبێتە قوربانی، بەتایبەت كاتێك گۆڕانكاری لە پۆستەكان دەكرێت، ماڵ وێرانی بەرۆكی ئێمەی هاوڵاتی دەگرێت.
ئەو شارەزایەی بواری ئاسایش ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو لایەنانەی ڕێگرن لە بەردەم هەڵبژاردن دەیانەوێ پەرلەمان خولی خۆی تەواو بكات و زیاتر بمێننەوە، بۆ ئەوەش دەستدەكەنەوە بە زنجیرە تەقینەوەكان و ئاژاوەگێڕی و تێكدانی ئەمن و ئاسایش.
ئەو ڕۆژنامەنوسە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە پێویستە لە سنورەكان و شارەكان ڕێگە نەدەن تیرۆریستان بڵاوە بكات و ڕێگری بكەن لەوەی ئاسایشی وڵات دووبارە تێكبچێتەوە و سەرۆك وەزیران داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات وەك بەڵێنی دا.