نوچە
جەمیل بایک، نیگەرانی خۆی لە رێککەوتنی نەوتی رۆژئاوای کوردستان و ئەمریکا راگەیاند و دەڵێت، سەرجەم سەرچاوە سرووشتییەکانی سەر زەوی و ژێرزەوی سووریا موڵکی دەوڵەت و خەڵکی ئەو وڵاتەن، “بۆ کەس نییە بیانکاتە هی خۆی و مامەڵەیان پێوەبکات”.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دوایین هەفتەی مانگی تەمموزی 2020 رێککەوتنی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای “دەلتا کرێسینت ئینێرجی”ـی ئەمریکی واژۆکرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت. یەکێک لەو خاڵانەی کە تایبەتمەندییەک دەداتە رێککەوتنەکە بریتییە لە ئاگاداربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس و هاندان و پاڵپشتیکردن لێی لەلایەن واشنتنەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆکردنی رێککەوتنی نەوت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی دووشەممە 3ی ئابی 2020 رایگەیاند، واژۆکردن و پاڵپشتیکردن لە رێککەوتنی نەوت لەنێوان کۆمپانیایەکی ئەمریکی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) قبووڵکراو نییە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، رۆژی 29ی مانگی رابردوو لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان و کەسایەتیی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ لەو بارەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) قسەیکرد. مەزڵووم عەبدی وردەکاریی رێککەوتنەکەی بە گراهام راگەیاند و داوایلێکرد سەرۆکی ئەمریکاش لەو وردەکارییە ئاگاداربکاتەوە.
رۆژی 30ـی مانگیش ئەو بابەتە لە کۆنگرێس تاوتوێکرا، ئەوەش کاتێک مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند “واژۆکردنی رێککەوتنەکە کەمێک لەوە زیاتری پێچوو، کە ئومێدمان دەکرد، بەڵام ئێستا لە قۆناخی جیبەجێکردندایە و دەکرێت زۆر باشیش بێت”.
ئەمریکا تەنیا پاڵپشتی لە رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناکات، بەڵکو خۆیشی هەندێک هەنگاو دەنێت، لەوانەش دابینکردنی دوو پاڵاوگە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە بۆ ستێرک تیڤی، تەلەڤزیۆنی پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی رێککەوتنە نەوتییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ کۆمپانیای “دەلتا کرێسینت ئینێرجی”ـی ئەمریکی قسەیکرد و رایگەیاند، کە ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نەبوون و دەڵێ “ئێمەش لە میدیاکانەوە بەدواداچوون بۆ هەندێک بابەت دەکەین، بۆیە بە تەواوەتی نازانم راستییەکەی چییە. باس لەوە دەکرێت لە رێگەی کۆمپانیایەکی نەوتەوە رێککەوتنێک واژۆ کراوە، تەنانەت ئاماژە بەوەش دەدرێ، حکومەتی سووریا ئەم رێککەوتنەی قبووڵ نییە و بە نایاسایی لە قەڵەمی دەدات و دەڵێ نەوتەکەمان دەدزن”.
لەبارەی هەڵوێستی کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ ئەو رێککەوتنە، جەمیل بایک دەڵێ، “سووریا دەوڵەتێکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە. بۆیە سەرجەم سەرچاوە سرووشتییەکانی سەر زەوی و ژێرزەوی سووریا موڵکی خەڵکی ئەو وڵاتەن و هی کەسانی دیکە نین، کەس بۆ نییە بیکاتە موڵکی خۆی. ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری سووریاش دەڵێین، نەوت و سەرجەم دەوڵەمەندییەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی سووریا موڵکی خەڵکی ئەو وڵاتەن. ئەوەی راستە ئەمەیە”.
لەبارەی نێوەڕۆک و وردەکاریی رێککەوتنەکەش، جەمیل بایک گوتی “نازانم ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکەدا واژۆکراوە لە چ چوارچێوەیەکدایە، ئەگەر رێککەوتنەکە بە لەبەرچاوگرتنی کێشە ئابوورییەکانی سووریا و باکوور-رۆژهەڵاتی سووریا واژۆ کرابێت و لەسەر ئەوە رێککەوتن کرابێت، ئێمە لەوبارەیەوە هیچمان پێ ناگوترێ، بەڵام ئەگەر وا نەبێت، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ”.
هەر لەو بەرنامەیەدا بایک لە وەڵامی هەوڵ و لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن گوتی، “لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی هەندێك هەنگاو دەنرێ و لێدوان دەدرێن، بێگومان ئێمە نازانین ئەمانە لەسەر چ بنەمایەک دەکرێن”.
پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا حکومەتی سووریا نزیکەی 380 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا. بەشی زۆری نەوتی ئەو وڵاتە لە ناوچەی رومێلان لە رۆژئاوای کوردستان و دێرەزووری ژێر دەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە. بەرپرسانی ئەمریکاش چەندین جار رایانگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەیان لە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبن و رێگەنادەن ئەو بیرە نەوتانە بکەونەوە دەستی داعش یان ئەسەد یان هێزی دیکە.