عەمید هەڵگورد حیكمەت بۆ نوچە: پێشمەرگە پێویستی بە چەك و هاوكاری زیاتر هەیە
نوچە: هەولێر
عەمید هەڵگورد حیكمەت بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزراەتی پێشمەرگە، بە نوچەی راگەیاند، پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای كەركووك ئامادەكاری هەموو رووبەڕوو بوونەوەیەكی كردووە، بەڵام وەك ئەو وتی، پێویستیان بەچەك و هاوكاری زیاتر هەیە.
عەمید هەڵگورد دەربارەی ئامادەكارییەكانی داعش بۆ هێرش كردنە سەر پارێزگای كەركووك رەتی كردەوە كە زانیارییەكی وەهایان لەبەر دەستدا بێت، بەڵام وەك ئەو وتی “هەموو لایەك ئاگادارن كە هێزی پێشمەرگە ئامادەكاری خۆی كردووە، بەشێوەیەكی سەرەتایی خەندەقێك خەریكە لە تەواوبووندایە، كە هاوسنوورە لەگەڵ داعشدا، هێزەكانی پشتیوانیش ئامادەییان هەیە لەو ناوچەیە”.
عەمید هەڵگورد دەربارەی قۆناغی ئێستای ئەركەكانی پێشمەرگە وتی “ئەم قۆناغەی ئێستا لە عێراق درووستبووە و ئەو شەڕەی كە لەگەڵ داعش بەرپا بووە، هێشتا سەرەتایەكە، بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە چەك و هاوكاری هەیە لە هەموو روویەكەوە، ئەم گۆڕەپانی شەڕە كە هێزی پێشمەرگە بەرێوەی دەبات، گۆڕەپانێكە كە پێویستە پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە پشتییەوە بێت، چونكە ئەمە سەنگەری تیرۆرە بەرانبەر بە سەنگەری هێزی پێشمەرگە”، وتیشی “بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانەكانمان بە تایبەتی ئەگەر مەبەستیانە هاوكاریمان بكەن، دەبێت بە شێوەیەكی عەمەلی هاوكاریمان بكەن، چونكە ئێستا قۆناغ گۆڕاوە و لەوە چۆتە دەرەوە كە كە موجامەلی یەكتری بكەین”.