ئەسعەد مورادی
دواى دیاریکردنى وادەى شەشى حوزەیرانى داهاتوو، وەک وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە، مشتومڕ لەسەر سیستەمى فرە بازنەیی و دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن سەریهەڵداوە و پەرلەمانیش بەڵێنیداوە ئەو پرسە یەکلابکاتەوە و یاساکە بەتەواوى پەسەند بکرێت. بەڵام کورد فرە بازنەی رەتدەکاتەوە.
پڕۆژە ياساى نوێى هەڵبژاردن كە يەكێك بوو لە داواكارييە سەرەكييەكانى خۆپيشاندەرانى دژ بە حكومەتى عێراق، لە 24ی کانوونی دووەمی 2019 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا. کە پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر هەردوو ماددەى 15 و 16ی یاسای هەڵبژاردنەکان کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان دژی بوون و سەرجەم فراکسیۆنى کوردییەکان دانیشتنەکەمان بەجێهێشت.
مادەی 15 و 16ی یاساکە لە زیانی کوردە و بەگشتی کورد تێبینی لەسەری هەیە، چونکە بەگوێرەی ئەو دوو مادەیە، بازنەی هەڵبژاردن لە قەزاکانەوە دەبێت، بەڵام کورد داوا دەکات بازنەی هەڵبژاردن فراوانتر بێت و لە پارێزگاکان بێت، چونکە ئەگەر بەوشێوەیە نەبێت دەنگێکی زۆری کورد لە هەڵبژاردنەکاندا لەناودەچێت.
ناکۆکییەکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن بووەتە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم تەواوکردنى یاساکە، کە بە چوارچێوەیەکى یاسایی دادەنرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.
زۆرینەى کوتلە سیاسییەکان کۆتایی ساڵى ڕابردوو لەژێر فشارى شەقامى ناڕازیدا دەنگیان بەیاساکەدا، بەڵام دواتر لەکاتى گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن هەڵوێستەکانیان گۆڕانى بەسەردا هات و ناکۆکى لەنێوانیان سەریهەڵدا.
کوتلە سیاسییەکان لەئێستادا بەسەر چەند بۆچونێکدا دابەشبوون لەبارەى بازنەکانى هەڵبژاردنەوە، هەندێک دەیانەوێت عێراق یەک بازنە بێت و هەڵبژاردن بە لیستى داخراوبێت، هەندێ کوتلەى دیکە دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، کوتلەکانى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکەکەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.
تا ئێستا دیار نییە کوتلە سیاسییەکان دەتوانن ناکۆکییەکانیان لەو بارەیەوە تێپەرێنن و یاساى هەڵبژاردن لەو دۆخەى کە تێی کەوتووە رزگار بکەن یاخود نا، بەتایبەت کە ئێستا سەرجەمیان جەخت لە تێپەڕاندنى دەکەنەوە، دواى دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەلایەن مستەفا کازمییەوە.
عەلی تەمیمی شارەزایی یاسایی عێراقی ڕایگەیاندووە، لایەنە ئەرێنیەكانی سیستەمى فرە بازنەیی لە 6 خاڵی گرنگدایە كە ئەمانەی لای خوارەوەیە:
یەکەم: مادەی 49ی دەستوری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەموو پەرلەمانتارێك نوێنەرایەتی 100 هەزار دانیشتوان دەكات و لەو چوارچێوەیەشەوە دەكرێت پەرلەمانتارەكە نوێنەرایەتی 100 هەزار لەخەڵكی ئەو ناوچەیەی خۆی بكات كە زانیاری لەبارەیانەوە هەیە.
دووەم: یەكێكی تر لەخەسڵەتە باشەكانی فرە بازنەیی، ئاسانی جیاكردنەوە و ژماردنە و هەروەها خێرا زانینی براوەی یەكەمە و ئەوەی زۆرترین ڕێژەی دەنگەكان بەدەستبهێنیت ئەوا دەبێتە براوەی یەكەم و بەدوای ئەوانیشدا دووەم و سێیەم.
سێیەم: هەژمونی حیزبى گەورە ناهێلێت و دەرفەت بۆ خەڵكی ناوچەكە دەڕەخسێت كاندیدی شیاوی خۆیان نوێنەرایەتیان بكەن باشتر لەنوێنەری حزبە گەورەكان.
چوارەم: دۆخێك دروستدەبێت نوێنەرانی ڕاستەقینەی بەتوانا بەڕاستگۆییەوە نوێنەرایەتی خەڵكی خۆیان بكەن.
پێنجەم: هەژموونی خاوەن دەسەڵات و پارە و حزبی گەورە كۆتایی دێت، لایەنە ئەرێنیەكەی ئەو یاساییە ئەوەیە هەموو چینەكان لەبەرامبەر یەكدا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی یەكسان دەكات و ڕۆڵی خاوەن پارە و سەرمایەدار و قۆرخكارەكان ناهێڵێت.
شەشەم: فرە بازنەی هەڵبژاردنەكان، دەتوانێت پاشەكشە بەدۆخی مەزهەبگەرایی و عەشیرەتگەرایی بهێنێت چونكە ئەزمونی 17 ساڵ وای كردووە دەنگدەر بتوانێت باشترین كاندید جیا بكاتەوە هەڵیبژێرێت.
د. میاده نهجاڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی رەتکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە تایبەت بە نوچە رایگەیاند: ئهگهر بڕگهى فرهبازنهیى بۆ یاساى ههڵبژاردنهكان زیاد بكرێت ئهوا به هیچ شێوهیهك خزمهتى كاندیده سهربهخۆكان ناكات، بۆیه كورد ناڕهزایهتی لهسهر ئهو بڕگهیه دهربڕیوه، ئهوهش بۆ چهند هۆكارێك دهگهڕێتهوه، گرنگترینیان ئهوهیه ناوچه جێناكۆكهكان هیچ سهرژمێرییهكى دانیشتوانیان نییه، چۆن كورسیان بۆ حساب دهكرێت؟ ههروهها چهندین گوند و شارۆچكه و ئیدارهى جیاواز بوونى ههیه؟
مەیادە نەجاڕ دەشڵێت، پێویسته بارودۆخى ناوچه جێناكۆكهكان چارهسهر بكرێت و ماددهى 140 جێبهجێ بكرێت و كورد بهپێى دهستور له رووى ئیدارى و ئهمنییهوه بوونى ههبێت. ههروهها چۆن لهكاتێكدا شارهكان به سهربازی كراون، لهو ناوچانهدا ههڵبژاردن ئهنجامدهدرێت؟ بۆیه ترسى ساختهكارى و لهدهستدانى دهنگهكانى كورد ههیه.
خەسرەو گۆران، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، “هێشتا یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو نەبووە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. بۆیە یەکبازنەیی لە قازانجی کوردستانییانە و دەنەگەکانی کورد لە دەرەوەی کوردستان یان لە بەغدا و رومادی و شوێنەکانی دیکە کۆدەبنەوە، ئەوەش وادەکات دەنگی کورد بەفیڕۆ نەچێت”.
سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوە دا، بوونی یاسا بنەمای هەڵبژاردنەکانە. وەکو کورد باشترە عێراق یەک بازنە بێت و “بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی 2005 تاوەکو 2010دا کە عێراق یەک بازنە بوو، ئەو کاتە دۆخی کورد باشتربوو و 77 بۆ 80 کورسیی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام لەدوای 2010وە کە عێراق کرایە 18 بازنەی هەڵبژارد و هەر پارێزگایەک بووە بازنەیەک، کورسییەکانی کورد بۆ 58 بۆ 60 کورسی دابەزیون”.
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی باسی لەوە کرد، “داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەکە هەڵدەسەنگێنین و دوایی وەکو پارتی هەڵویستی خۆمان لەو بارەوە دیاری دەکەین. ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەر بڕیارێک لە حکومەت و پەرلەمانەوە دەربچێت ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی چەندە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن. بۆ ئەمەشیان دەمێنێتەوە سەر ئەوەی، کە بۆچوونی لایەنەکان و کۆمیسیۆن چەندە ئامادەیی تێدایە”.
خەسرەو گۆران دەڵێت، “یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو نەبووە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. ئەو سیستەمی بازنەبوونەی هەر پارێزگایەک یان پارێزگاکان بۆ سەر چەند بازنەیەک دابەش دەبێت، ئەوانە یەکلایی نەبوونەتەوە. پارێزگا هەیە یەک ملیۆنە و پارێزگاش وەکو بەغدا رەنگە شەش بۆ حەوت ملیۆن بێت، بۆیە ئەمانە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە. هەیە دەیەوێت عێراق فرەبازنە بێت، هەیە داوا دەکات قەزایەک بازنەیەک بێت”.