خۆپیشاندانەکانی لوبنان دەستی پێکردەوە

0

نوچە-ئاژانسەکان

بە گوێرەی ئاژانسەکانی جیهان و میدیاکانی لوبنان خەڵکی لوبنان وەک نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە ڕووداوی تەقینەوەکەی بەیروت و ناکارامەبوونی سیستمی سیاسی لە ئیدارەدانی وڵات، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٨ی ئەگۆست هاتنە سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندەران دەڵێن، کاتی ئەوە هاتووە لێپیچینەوە لە دەوڵەت بکرێت و ئەندامانی کابینە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕابگەیەنێن.

پێگەی هەواڵی «النشره»ی لوبنان ڕایگەیاندووە، ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجەکان لە بەردەم بینای پەرلەمان کۆبوونەوەتە و هێرشیان کردۆتەوە سەر هێزەکانی پۆلیس.

کەناڵی هەواڵی «المیادین»ڕایگەیاند، ناوەندی شاری لوبنان بۆتە مەیدانی خۆپیشاندان و شەڕ و بەریەککەوتنی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان.

کەنالی هەواڵی «الحدث»ی سعودیەش دەڵێت، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە ئەنجامی کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوونە.

کەناڵی سکای نیوزی عەرەبییش لەم بارەوە ڕایگەیاند، کە خۆپیشاندەران پەلاماری بینای پەرلەمانیان داوە و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بریندار بوونە.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی سوپای لوبنان، لە بەیانێکدا هۆشداری داوە لەبارەی هەر جۆرە ئاڵۆزییەک لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com