سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە مستەفا کازمی ناتوانێت بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم، هیچ بڕە پارەیەک بنێرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، گوایە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەگەنە رێککەوتن، بڕە پارەیەک وەک موچە ڕوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بۆئەوەی مووچەی مانگی ٣ی پێدابەشبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم، ڕایگەیاند: پێموانییە هەواڵی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ ڕێککەتن ڕاست بێت، چونکە پێمانوایە بەغدا بەبێ ڕێککەوتن، هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچە، بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، بەو پێیەی حکومەتی عێراق لەژێر فشاری شەقامی عەرەب و شیعەدایە”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە، ئەوەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین مستەفا کازمی ناتوانێت بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم، هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم بنێرێت. گوتیشی “تائێستا وادەی سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا دیار نیە، بەڵام بەرپرسانی هەردوولا ڕایانگەیاندووە لە نزیکترین دەرفەتدا دوای جەژن کۆ دەبنەوە”.
شێروان میرزا ئاماژە بەوەدەکات، هەفتەی داهاتوو مستەفا کازمی سەردانی وڵاتی ئەمریکا دەکات، بۆیە هەر ئەم هەفتەیە لەبەردەستدایە، ئەگەر هەرێم ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامبدات.