سەرۆكی هەرێم سەردانی ئێرانی نەكردووە
نوچە: سلێمانی
وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرلەبەری ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، كە باس لە سەردانی سەرۆكی هەرێم دەكەن، بۆ ئێران، ئەوەیشی راگەیاند، سیاسەتی سەرۆكی هەرێم روونە و كورد بۆ دیاری كردنی چارەنووسی خۆی، پرس لە هیچ كەسێك ناكات.
دەقی ڕاگەیەندراوی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتەی هەرێمی کوردستان
ماوەی چەند ڕۆژە هەندێ سایت و میدیای سەر بە دەستەڵاتدارانی بەغدا لە درێژەی چەواشەكارییەكانیان لەدژی هەرێمی كوردستان هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاو كردووەتەوە كە گوایە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێرانی كردووە و بەرپرسانی ئێرانی ناڕەزایەتیان بەرانبەر سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی بڕیاردانی چارەنووس و چوونی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەربڕیوە و چەند میدیاییەكی ناوخۆی كوردستانیش ئەم هەواڵە ناڕاستەیان لەوانەوە گواستووەتەوە. لێرەدا بە گشت لایەك ڕایدەگەیێنین كە سەرتاپای ئەم هەواڵە دروستكراوە و دوورە لە ڕاستی و بەڕێز سەرۆكی هەرێم بە هیچ شێوەیەك سەردانی ئێرانی نەكردووە و سیاسەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانیش لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە كە گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لەكەس وەرناگرێت و پەیوەست بە قەیرانی عێراقیش، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە یارمەتیی خوشك و برایانی شیعە و سووننە بدات بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و لە هەمانكاتیشدا كار بۆ ڕێوشوێنە سیاسی و یاساییەكانی پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان دەكات. د. ئومێد سەباح گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان 22ـی 7ـی 2014 –