ئەسعەد مورادی
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەکی بەرچاو پەنابەری کورد لەسەر داوای خۆیان لە ئەوروپاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەبارەی گەڕانەوەی کۆمەڵێک پەنابەر لە ئەوروپاوە، ڕاگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 140 کۆچبەری عێراقی بەشێوەی ئارەزوومەندانە لە وڵاتی یۆنان گەڕانەوە عێراق و لەنێویاندا 17 کۆچبەری کوردی سەر بە پارێزگای هەولێر و 23 هاوڵاتی سەر بە پارێزگای سلێمانی بوون.
ئاری جەلال ئاشکراشی کرد، بەمەبەستی گەڕانەوەی هاوڵاتیانی عێراقی بە شێوەی ئارەزوومەندانە بڕیار دراوە بە هاوکاریکردنی ماددی بە بڕی 2000 یۆرۆ بۆ هەر پەنابەرێک، کە ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە عێراق.
سەرۆکی دەزگای لوتکە ڕاشیگەیاند “هەر پەنابەرێکی عێراقی کە ئیستا نیشتەجێی وڵاتی یۆنانە دەیەوێت ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە هاوکاری و کارئاسانی بۆ دەکرێت”.
سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بە ئەوەش کرد، کە بۆ سەرجەم تاکەکان، کە بەشێوەی خێزانی دەژین، لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بۆ هەر تاکێکیان بێ جیاوازی هەمان بڕە پارە وەردەگرێت. گوتیشی “بڕی ئەو هاوکارییە سەرجەم ئەو کۆچبەر و پەنابەرانە دەگرێتەوە، کە لە پێش ڕێکەوتی (1-1-2020) چوونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتە، هەر کەسێکیش دەیەوێت بگەڕێتەوە، بۆ ناونووسین و ڕێککار و ڕێنماییەکانی خۆتۆمارکردن، دەبێت سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق بکات لە ئەسینای پایتەختی یۆنان”.