سلێمانی
قایمقامی قەزای سەیدسادق ڕایدەگەیەنێت، بوتڵی مەی لەناو نەخۆشخانەی شەهید شەوكەت لە سەیدسادق هەبووە و ئێستا لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە.
شەوی ڕابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکرایەوە و تیایدا وا دەردەکەوێت، کە چەند بوتڵێکی مەی لە ناو ژووری پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی شەھید شەوکەت هەیە، ئەمەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دەستبەجێ وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕووداوەکە هاتە سەر خەت و داوای لێکۆڵینەوەی کرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دیاری ڕەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر بوونی بوتڵی مەی لەناو نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت، ڕایگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدۆییەی، کە باس لە بوونی چەند بوتڵێکی مەی لەناو نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت دەکات، وەک قایمقامیەتی سەیدسادق لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ڕووداوەکە و هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیەنن”.
قایمقامی سەیدسادق گوتیشی “ڕاستە بوتڵی مەی لەناو نەخۆشخانەی شەهید سەوکەت هەبووە، بەڵام ئایا بابەتەکە دروستکراوە و مەبەست لێی شکاندنی نەخۆشخانەکە و خەڵکی سەیدسادق و پزیشکەکە بووە، جارێ نازانین چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین تاکو راستی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت”.