ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئەم دۆخەی ئێستا ئێران پێیدا تێدەپەڕێت نیشانەی قەیرانە، قەیرانێک، کە بەرهەمی بێ توانایی دەسەڵاتێکی سیاسی لە مسۆگەر کردن و بەدەیهێنانی نەزمە
لەم دۆخە پڕ قەیرانەی ئێران، (بێکاری، دارایی و ئابووری، دیپلۆماسی، سیاسی و …هتد) ئێستا ناوە ناوە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە، بەتایبەتی لە شوێنە هەستیار و ستراتیژییەکانی ئێران، گومانی لە لای شرۆڤەکار و چاودێرانی سیاسی دروستکردووە، کە ئایا دۆخی ئێران بەم هەموو قەیران و رووداوانە بە چ ئاقارێکدا دەڕوات.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی دۆخی نوێی ئێران رایگەیاند: بەگشتی ئەم دۆخەی ئێستا ئێران پێیدا تێدەپەڕێت نیشانەی قەیرانە، قەیرانێک، کە بەرهەمی بێ توانایی دەسەڵاتێکی سیاسی لە مسۆگەر کردن و بەدەیهێنانی نەزمە، دەسەڵاتێک، کە خۆی سەرچاوەی قەیرانە، دەسەڵات بە تەمایە بەم دۆخە مانەوەی دەسەڵات مسۆگەر بکات.
شاهۆ حوسێنی پێیوایە، دەسەڵاتی ئێران دەیهەوێت بە دوو شیوە مانەوەی مسۆگەر بکات، کە ئەوەش بریتییە لە:
یەکەم، ئەوەکە ئەو کردەوانە جۆرێک هەڕەشەن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵگا.
دووهەم، بۆ رەخساندنی هەلی سەرکووتی زیاتر و ئابلۆقەی زیاتری هەمەلایەنەی کۆمەڵگا.

