سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییەکان، پرۆژەیەکی زۆر گرنگە و لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
هەرێمی کوردستان تا ئێستا خاوەنی یاساییەکی تایبهت نییە به پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئهو مهبهسته تەنھا پشت بە یاساکانی عێراق بەستراوە، نەبوونی ئەم یاسایەش هۆکار بووە بۆ لە ناوچوون و بەتاڵان بردنی بەشێک لە شوێنە مێژوویی و کەلوپەلە مێژووییەکان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، گوڵیزار ڕەشید، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی کوردستان، ڕایگەیاند: پڕۆژەیاسای پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستانەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، پڕۆژەیاساکەش لە لایەن زێدان ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتییەوە ئامادە کراوە و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوە و پڕۆژەیاسایەکی زۆر باشە.
گوڵیزار ڕەشید گوتیشی “دەرچوونی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی شوێنە مێژووی و کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگ و پێویستە، دەبێتە پاڵپشتێک بۆ ڕێکخستنەوە و پاراستن و کۆکردنەوەی کەلوپەلی مێژووی و شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، جەختیشیکردەوە “من وەک خۆم پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەکەم و هیوادارم سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستانیش، بە گرنگییەوە سەیری ئەو پرسە بکەن و پاڵپشتی تەواوی پڕۆژەیاساکە بکەن، بۆئەوەی بتوانین بیکەینە یاسا، چونکە پارستنی شوێنە مێژوویی و کەلەپوورییەکان بەشێکن لە ناسانامەی میللەتانی دوونیا و دەبێت ئێمەش بیان پارێزین”.