رۆژنامه‌ى ئێندپێندنتى به‌ریتانى باس له هه‌ڵوێستى ئێران ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق و ده‌ڵێ، ئێران له رێى لایه‌نه‌كانى خۆى هه‌وڵ ده‌دات چه‌ندان كۆسپ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه دروست بكات.
ئێران كه هه‌ژموونێكى زۆرى له عێراق هه‌یه، هه‌ڵوێستیشى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ك راپۆرتى رۆژنامه‌ى ئێندپێندت باسى كردووه هه‌ڵوێستى جددى ئێران له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه به فه‌رمى و به زمانى دیپلۆماسى نابێت، به‌ڵكو له رێى لایه‌نه‌كانى خۆى ده‌بێت له عێراق.
له راپۆرته‌كه باس له‌وه كراوه، راگه‌یاندنى واده‌ى هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن مسته‌فا كازمییه‌وه، بۆ لایه‌نه‌كانى سه‌ربه ئێران رووداوێكى له‌ناكاو بوو، بۆیه شڵه‌ژا بوون، به‌شێوه‌یه‌ك فراكسیۆنى “سادقون” كه سه‌ر به میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌قه له‌ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك سێ به‌یاننامه‌ى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه ده‌ركرد.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێ، كازمى به دیاركردنى واده‌كه لایه‌نه عێراقییه‌كانى خسته گۆشه‌ى شه‌رمكردنه‌وه، چونكه ده‌یزانى لایه‌نه‌كان له بابه‌تى هه‌ڵبژاردن جددى نیین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌م مه‌سه‌له‌یه فریاى لایه‌نه‌كانى سه‌ربه ئێران كه‌وت به‌یاننامه‌كه‌ى حه‌لبووسى بوو، كه داواى كرد هه‌ڵبژاردنه‌كه “زووتر” بكرێت.
له‌دواى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى حه‌لبووسى، لایه‌نه‌كانى سه‌ربه ئێران هه‌لیان وه‌رگرت و ئه‌وانیش وه‌ك فێڵێكى سیاسى داوایان كرد، هه‌ڵبژاردنه‌كه زووتر بكرێت. له‌وانه هاوپه‌یمانى فه‌تح و هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساى و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق.
له چه‌ندان شوێنى راپۆرته‌كه دووپاتى ئه‌وه ده‌كرێته‌وه لایه‌نه‌كانى سه‌ربه ئێران نایه‌وێ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بكرێت، یه‌كێك له هۆكاره‌كانیش ئه‌وه‌یه ئه‌وان پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆیان له‌ده‌ست داوه.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه‌یش ده‌كات ئه‌گه‌رى هه‌یه به چه‌ندان شێوه ئه‌وان كۆسپ بۆ هه‌ڵبژاردن دروست بكه‌ن، له‌وانه رێگه‌ناده‌ن له په‌رله‌مان دوایین داڕشتنى یاساى هه‌مواركراوى هه‌ڵبژاردن ده‌ربچێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگریى بكه‌ن له‌وه‌ى ئه‌ندامى دادگاى فیدڕاڵى دابنرێت.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌یش ئێندپێندت باس له‌وه ده‌كات له‌وانه‌یه هێزه‌كانى سه‌ربه ئێران په‌نا بۆ شڵه‌ژانێكى ئه‌منى توند ببه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له شارۆچكه‌ى تارمییه‌ى باكورى به‌غدا روویدا.