جینۆسایدی ئێزدییەکان بەردەوامە

0

شلێر سەعید

دوای شەش ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان، هێشتا ٢٧٠٠کەس چارەنوسیان نادیارە. نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادەکەدا دەڵێت: تا خوشک یان برایەکی ئێزدی بێسورەشوێن بێت لە هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوام دەبین.

فەرەح،  كچێكی ڕزگاربوی دەستی داعشە ئێستا لە كەمپی خانكێ دەژیت. لە ساڵیادی کارەساتەکەی شەنگالدا دەڵێت: لەم ڕۆژەدا هێرش كرایە سەر ئێمە بەڵام ئەو هێرشانە جۆری نەبووە كە لە مێژوو خوێندومانەو وبیستومانە و بینیومانە، ئەوان بەهەموو شێوەیەك سوکایەتییان پێکردنی جگە لەبرسی كرنمان ولێدان و هەڕەشە   و كوشتنی پیاوەكان و وبەزۆر دەیان ویست بمان كەن بە مسوڵمان پێیان دەگوتین، ئەگەرنەبنە مسوڵمان دەتان كوژین.  

 فەرەح ئەوكاتەی کە دەستگیرکراوە تەمەنی ١٨ساڵ و پۆلی شەشی ئامادەیی بووە.

فەرەح دەڵێت : کە دەستگیرکراین كچە جوانەكانیان جیاكردەوەو ناویان لێنابون حۆریەكان و بردیانن بۆ ئەبوبەكر بەغدادی، ئێمەیان بردە موسڵ،هەرچی خراپە بە ئێمەیان كرد كەلێرە ناگوترێت و بوێری ناكەم باسی بكەم، چونكە ماوەی سێ ساڵ دەستبەسەر بوين .

  سەبارەت بە چۆنێتی رزگاربوونی فەرەح دەگێڕێتەوە، كە زانیمان موسڵ ڕزگار كرا هەرچەندە هەلی ڕزگاربون زۆركەمبوو بەڵام  ڕامكرد منداڵێكیشم پێبو هەڵم گرتبۆوە ، دوای گەڕانەوەم كەسوكاری دۆزرانەوە دامنەوە،كە ڕامان كرد لەماڵێك خۆمان شاردەوە خاوەن ماڵەكە گوتی خەمتان نەبێت ناهێڵم بتان دۆزنەوە، تا ئەوكاتەی بەتەوای موسڵ ئازادكرا گەڕامەوە ، بەڵام كە گەڕامەوە كەسوكارم هەمو ڕۆشتبونە دەرەوەی وڵات وتا ئێستا نەم بینیونەتەوە، زۆربیری خوشك وبرابچوكەكانم دەكەم ئەوكات بچوك بون لەدوری من گەورەبون.

خدر دومەڵی، چالاكوان لەبواری ئاشتی وململانێی و چالاكوان لەبواری هاریكاریكردنی  ئەوكچ و ژنانەی لەدەستی داعش رزگاربوون ، سەبارەت بە تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان بەنوچەی ڕاگەیاند: دوای تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر جینۆسایدكردنی ئێزیدیەكان ئەمڕۆ هەروەك ساڵانی ڕابردووبەهەزاران  ئێزدی لەدەستی داعش داماون ، كەواتە هێشتا جینۆساید بەردەوامە، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار ئێزدی هێشتا لەكەمپەكانن ئاوارەن، لە هەرێمی كوردستان و سوریا و توركیا   ئەوەش  بەڵگەیە بۆئەوەی جینۆساید بەردەوامە ، هێشتا شنگال كاولكراوە و دەرفەتی ژیانی لێنیە و كۆمەڵگەی ئێزدی تێكشاندوە كەواتە جینۆساید بەردەوامە.

ئەو چالاکوانە دەڵێت:  زیاتر لە ٢٧٠٠ ژن ومنداڵ و پیاوی ئێزدی لە دەستی داعشن  تا ئێستا بێ سەرو شوێنن، ئەوەش نیشانەی هەرە  گەورەیە كە كەمپینێک یان كاری فعلی و بەدواداچون نەكراوە لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵ بۆ بەدواداچونی ئەو پرۆسەیە كەواتە جینۆساید بەردەوامە.

خدر دومەڵی، سەبارەت بە دۆخی ئێزدییەکان گوتی:  دوای شەش ساڵ هێشتا  ئێزدیە كان چاوەڕوانن دادپەروەری بەرقەراربێت و ئەو تاوانە گەورەی بەرامبەر ئێزدیەكان،  لەدژی ژن و منداڵە ئێزدیەكان ئەنجامدراوە، هێشتا سزانەدراون كەواتە جینۆساید بەردەوامە و هێشتا مەترسی گەڕانەوەی داعش هەیە و خەڵك لە ترس دەژی و دڵشكاوە. ئاماژە بەوەشدەكات كە قەرەبوكردنی ئێزدیەكان بەتایبەتی وەكو هەزاران خەڵكی شایستە  قەرەبوكردن، نەبۆتە پرۆسەیەكی جێبەجێكار لەكاتێك ، كە هەزاران خێزانی ئێزدیەكان زەرەرمەندبون لە بەعشیقەو  و دەشتی نەینەوا  و هیچ قەرەبونەكراونەتەوە،  هیچ پلانێكی نیشتمانی نیە بۆقەرەبوكردنیان.

سەبارەت بە هاوكاری كردنی  ئەوكچ وژنانەی لەدەستی داعش رزگاربوون، كە چەند جار كرين وفرۆشتیان پێ كراوە  گەڕاونەتەوە ناوخێزانەكانیان. تا ئێستا حكومەتی فیدڕاڵ فایلی دكیۆمێنت یان ناوی ئەوانەی نیە تەنانەت هاوكاریەكی وەك چاودێری كۆمەڵایەتیشی بۆ نەبڕیونەتەوە، تەنها جارجار بۆداپۆشینی ئەو ئەركە بڕەكی كەم پارە لێرەو لەوێ دابەشدەكات.

هەوڵی كۆمەڵگەی مەدەنی وكۆمەڵگەی ئێزیدی بەهاوكاری  چالاكوانانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان، هەیە كە داوادەكەن یاسایەك تایبەت بۆ ڕزگاربوانی دەستی داعش دروست بكرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كاری لەسەرنەكراوە وەك ڕەشنوس ماوەتەوە.

خدر دومەڵی، باس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکات و دەڵێت: نزیك هەشت گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە هێشتا وەك خۆی ماوە ئیشی جددی لەسەر نەكراوە، كە هەستیار ترین پرۆسەی جینۆسایدە،  لەبەر ئەو هەمو ڕەوشە نالەبارە و خەمبارەی ئێزیدیەكان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەبیر دەكرێن، هەرچەندە هەندێ لە ڕێكخراوەكان هاوكاریان دەكەن بەڵام شایستەی زیاترن چونكە  ژیان لە كەمپ زۆر ئەستەمە ، بەتایبەت لە ئێستا كۆرۆنا هەیە وقەیرانی ئابوری هەیە ، و هەزاران دایك وباوك چاوەڕێن كچ وكوڕەكانیان بگەڕێنەوە ، كە ئەوە دەردێكی هەرە گرانی ئێزیدیەكانە .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com