پارتی: دەسەڵاتی کەرکوک لەگەڵ زیندوکردنەوەی تەعریب کردنە

0

سلێمانی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، بە هەوڵی زۆربەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، کێشەی گوندی حەفتەغار چارەسەر کرا.

رۆژی شەممە ٢-٨-٢٠٢٠، ژمارەیەك عەرەبی ھاوردە بە پاڵپشتی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ھێنرانە سنوری داقوق، ھەوڵدەدەن لەسەر زەوی ھاوڵاتییانی كورد نیشتەجێیان بكەن و كێشە دەكەوێتە نێوان ئەوان و دانیشتوانی ناوچەكە، بەوهۆیەشەوە شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد کەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سەبارەت بە هۆکاری هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکانی کەرکوک، ڕایگەیاند”هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاوچنۆکی ئەو خەڵکانەی دەیانەوێت زێدی خەڵک داگیر بکەن، ئەگەر سەیری ناو گوندی حەفتەغار بکەین دەبینین، کە هیچ کاتێک خەڵکی عەرەبی لێ نەبووە، ئێستا خەڵکێکی چاو چنۆک کە لەسەردەمی بەعس کوردەکانیان بەزۆر دەرکردووە و عەرەبیان هێناوەتە گوندەکە، دەیانەوێت زێدی کورد داگیر بکەن و دەیانەوێت هەمان واقعی پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیندوو بکەنەوە”. 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، هەروەها دەڵێت”بێگومان دەسەڵاتی ئێستای کەرکوک (راکان سەعید جبوری) لەگەڵ زیندوکردنەوەی تەعریب کردنی گوند و ناوچەکانی کەرکوکە و پاڵپشتی عەرەبی هاوردە دەکات، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، ئەوەش بۆ مەبەستی تەعریب کردن و زیادکردنی ڕێژەی عەرەبە لە پارێزگای کەرکوک”.

د. محەمەد کەمال، گوتیشی”بەشێک لەبەرپرسانی عێراق پێیان خۆشە جارێکی دیکە واقعی تەعریب کردن زیندوو بکرێتەوە و عەرەبی هاوردە بسەپێندرێت بەسەر ئەو ناوچانەدا، بەداخەوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماون، بۆیە ئەو واقیعەی دروستکردووە”.

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، گوتی”بەهەوڵی زۆربەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و دوای گەیاندنی پەیامەکەیان بە وەزیری ناوخۆی عێراق، کیشەکە چارەسەر کرا، وەزیری ناو خۆ بڕیاریدا بەگەڕانەوەی و دەرکردنی ئەو عەرەبە هاوردانەی هاتبوونە گوندی حەفتەغار، هەروەها هەڵوێستی خەڵکی گوندی حەفتەغار هەڵوێستێکی زۆر جوان و مەردانەبوو بەرامبەر داگیرکاری عەرەبی هاوردە و جێگەی شانازی هەموو کوردن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com