وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق ئه‌نجامى لێكۆڵێنهوهكانى له كوشتنى خۆپێشانده‌ران ئاشكرا كرد و گوتى، دوو ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندێكى هێزه عێراقییه‌كان گیراون، كه به تاپڕ ته‌قه‌یان له خۆپێشانده‌ران كردووه.
عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ئه‌نجامى ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ى ئاشكرا كرد، كه له‌سه‌ر كوشتنى سێ خۆپێشانده‌رى به‌غدا له رۆژى دووشه‌مى رابردووه‌وه ده‌ستى پێكردووه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى غانمى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، سێ كه‌س گیراون كه چه‌كى تاپڕیان بۆ كوشتنى خۆپێشانده‌ران به‌كار هێناوه، یه‌كه‌میان ئه‌حمه‌د سه‌لامه كه پله‌ى رائیده و دووه‌میان حوسێن جه‌باره په‌له‌ى مولازمه، ئه‌ویتریشیان كارمه‌ندێكه به ناوى عه‌لا فازل.
هه‌ر سێ كه‌سیش له ریزى هێزه عێراقییه‌كانن.
رۆژى یه‌كشه‌مى رابردوو له گۆڕه‌پانى ته‌حریرى شارى به‌غدا، ته‌قه له خۆپێشانده‌ران كرا و له ئه‌نجامدا سێ كه‌س كوژران و 12 كه‌سیش بریندار بوون.