رۆژنامه‌یه‌كى ئیسرائیلى ئاشكراى كردووه، جگه له ئێران و ئه‌مریكا و توركیا، ئوردن و میسڕ هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له عێراق نزیك بكه‌نه‌وه، بۆئه‌وه‌ى هێزێكى گه‌وره پێكبهێنن و هاوسه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى كه‌نداو و توركیا و ئێران دروست بكه‌ن.
رۆژنامه‌ى جورزالیم پۆست له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات ماوه‌یه‌كه ئوردن و میسڕ هه‌وڵ ده‌ده‌ن، خۆیان له عێراق نزیك بكه‌نه‌وه و له‌ماوه‌ى رابردوویشدا چه‌ندان جار له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان كردووه.
به‌شێكى راپۆرته‌كه له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕى ساسه پۆستى عه‌ره‌بى بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه ته‌نیا له ساڵى رابردوودا ئه‌م دوو وڵاته سێ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عێراق كردووه.
به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ عێراق گرنگه، چونكه له‌و كاته‌دا ئێران و توركیا و وڵاتانى كه‌نداو وه‌ك هێز له ناوچه‌كه ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چى به‌بڕواى میسڕ و ئوردن پێشتر و ئێستایش عێراق و سووریا به‌شێكى گرنگن له دنیاى عه‌ره‌بى.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ئاشكراى كردبوو، میسڕ هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق به‌هێز بكات بۆئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ هێرشه‌كانى توركیا دابنێ.