نوچەنێت
وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. بڕیارە پرسی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩-٧-٢٠٢٠، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بڕیارە هەردوو وەزیری ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان هەر ئەمڕۆ لە هەولێر لەسەر چەند تەوەرێک کۆببنەوە، لەوانە ئەمنیەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای ئەو رێککەوتن و هاوئاهەنگییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر ئەو ناوچانە کران.
هەروەها پەیوەست بە پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پرسی گەڕانەوەی ئەو پۆلیس و کارمەندانەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە لە دەوام دابڕاون، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆ نووسراوی بۆ گەڕانەوەی ئەو پۆلیس و ئەفسەر و کارمەندانە کردووە.