پەرلەمانتارێک: کێشەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە گەورەترن

0

سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کێشەکانی عێراق لە هەڵبژاردن زۆر گەورەترن، بۆیە هەڵبژادنی پێشوەختە کێشەکانی عێراق چارەسەر ناکات.      

کاتێک کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری لە عێراق زیاد دەکات، زۆربەی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق پانا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبن، تەنانەت ئەوانەشی، کە پشکی شێریان لە حکومەتی عێراقی بەردەکەوێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردووش، کە خۆپیشاندان و گرژی لە عێراق درووستبووە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانم لەوە ئاگادار کردۆتەوە، کە کار بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کیشەکانی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، ڕایگەیاند: یاسای هەڵبژاردن، کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە، کەموکورتی تێدایە و یاسایەکی تۆکمە نییە بۆ هەڵبژاردن، کێشە لەسەر ناوچەکان و قەزاکان هەیە، کە چۆن دەنگەکانیان هەژمار دەکرێن، چونکە لە هەندێک ناوچە و قەزا، دەنگی دەنگدەران بەفیڕۆ دەڕوات. هەروەها لە کۆتاکان کیشەی تێدایە، چەند خاڵێکی گرنگ، کە لە دەستوور هەیە لە یاسای هەڵبژاردنی عێراق جێبەجێ نەکراوە.

مەیادە محەمەد گوتیشی “ماوەیەک پێش ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتی لیژنەی یاسایی کۆبوونەوە و بڕیاردرا، جارێکی دیکە یاسای هەڵبژاردنی عێراق بگەڕێتەوە پەرلەمان و لە پەرلەمانەوە دەستکاری بکرێت و بخرێتەوە دەنگدانەوە، بەڵام بەپێی یاسا ناتوانرێت ڕاستەوخۆ یاساکە بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان، دەبێت یاساکە لە ڕۆژنامەی (وقایق) بڵاوبکرێتەوە، ئەوکاتە دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە یان دەبێت سەرۆک وەزیرانی عێراق، خۆی یاساکە بگەڕێنێتەوە پەرلەمان”. 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، پەرلەمانتارەکەی پارتی، دەڵێت “بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەر وڵاتێک جا هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت یان هەر هەڵبژاردنێکی دیکە، دەبێت زەمینەسازی تەواوی بۆ بکرێت، بەڵام  لە عێراق ئێستا زەمینە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبار نییە”. 

سەبارەت بەوەی ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەتوانێت قەیرانەکانی عێراق چارەسەر بکات؟ مەیادە محەمەد، گوتی “نەخێر هەڵبژاردنی پێشوەختە ناتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، لە بەرئەوەی کێشەکانی عێراق لەهەڵبژاردن زۆر گەورەترن، هەمان حزب و لایەنی پێشوون، کە دەچنەوە هەڵبژاردنەکان، ئەوانیش هەمان کەسایەتی خۆیان دەنێرن و کاندی دەکەنەوە، ئەو لایەنانەش، کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، دەیانەوێت سۆزی شەقام بۆ خۆیان ڕابکێشن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com