پێش جەژن موچەی هەموو فەرمانبەران نادرێت
نوچە: سلێمانی
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست لە وەزارەتی دارایی، ناتوانرێت پێش جەژن موچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەكان بدرێت، وتەبێژی وەزارەتی دارایش دەڵێت “داهاتی ناوخۆ بەشی موچەی فەرمانبەران ناكات”.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە رووداوی رایگەیاندووە، كە ئەو پارەیەی لەبەردەستی وەزارەتی داراییدایە، تەنها بەشی موچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەشێك لە وەزارەتی پەروەردە دەكات، بۆیە ناتوانرێت موچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابین بكات، وتویشیەتی “وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی موچەی وەزارەتەكان، پشت بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەبەستێت، بەڵام تا ئێستا ئەو وەزارەتە پارەی پێویستی بۆ ئەو مەبەستە دابین نەكردووە”.
لەلایەكی ترەوە دلێر تاریق وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، وەزارەتەكەیان نازانێت بەر لە جەژن دەتوانن موچەی ئەو وەزارەتانە بدەن كە موچەیان وەرگرتووە یان نا، چونكە وەك ئەو وتی “وەزارەتی دارایی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی پارەی پێویست ئامادە بكات تا پێش جەژن، موچەی ئەو ەزارەتانەی پێبدات كە موچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی پارەی فرۆشراوی نەوتی هەرێمی كوردستانە، كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە بە دەستی بگات”.
وتەبێژەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئەوەیشی وتووە “داهاتی ناوخۆ ئەوەندە نیە كە بەشی ئەوە بكات موچەی فەرامانبەرانی پێبدرێت، بۆیە ئەگەر وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئەو پارەیەمان بۆ دابین نەكات، ئەوا هیچ بەرنامەیەك نیە بۆ پیچدانی موچەی ئەو وەزارەتانە”.