شلیر سەعید
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ كێشەی رۆژێك و دووان نییە، بەڵكو كێشە كەلەكەبووەكانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-7-2020، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بەناوی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ریگەیاندووە، هەندێ نایانەوێ عێراق سەقامگیر بێت، بۆیە هانی خۆپیشاندەرانیان داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان.
لە سەرتای خۆپیشاندانەكانی عێراق لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو، كە پێی دەڵێن خۆپیشاندانی تەشرین، زۆر لە خۆپیشاندەران كوژراو و ڕفێنران و یەكەم داوایان دەستلەكاركێشانەوەی، عەبدولمەهدی كە ناچاریان كرد بە وازهێنان ودەست لە كاركێشانەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ئەوكات خۆپیشاندانەكان راگیرا. دواتر مستەفا كازمی بوو بە سەرۆك وەزیران، بەڵام بەشی زۆری كێشەكان هەروەك خۆیەتی و داواكاری خۆپیشاندەران نەهاتۆتەدی، بۆیە دوبارە خۆپیشاندەران هاتنەوە سەرشەقام.
شەوی رابردووش تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و هێزە ئەمنییەکان روویدا، بەهۆیەوە خۆپێشاندەرێک كوژرا و ژمارەیەک خۆپیشاندەری دیکە بریندار بوونە و ژمارەیەک خێمەی خۆپێشاندەرانیش سووتاون.
لە لێدوانێكی تایبەتدا لەم بارەوە هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوچە-ی ڕاگەیاند: ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ كێشەی ڕۆژێك و دووان نییە، بەڵكو كێشە كەلەكەبووەكانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانە، بەتایبەت 17 ساڵە هیچ نەكراوە لە رووی خزمەتگوزارییەوە.
گوتیشی، خەڵك لە بەرزترین پلەی گەرما لە ئاو كارەبا بێبەشە، كە ئەوە بچوكترین شتە بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و نەبوونی خاوەنداریەتی تەندروست، كە عێراقێكی دەوڵەمەند نەتوانێ خزمەتێك بە وڵاتەكەی بكات.
سەبارەت بە كوشتنی هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران هەرێم كەمال دەڵێت حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران دەستی لەكاركێشایەوە و ئەوكات خەڵكێكی زۆر كوژرا و لەسەر داوای ڕەوای خۆیان، ئێستا توندوتیژییەكان وەك ئەوكات نییە.
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕوونیشی كردەوە، كە حكومەتی ئێستا و ڕابردوو جیاوازی هەیە و حكومەتەكەی كازمی بەشێكە لە خواستی خۆپیشاندەران و بەشێك لە نوێنەرەكانی خۆپیشاندەران لە حكومەتەكەی كازمی هەن، بۆیە جیاوزی هەیە لەگەڵ حكومەتی ڕابردوو.
دەربارەی ئەوانەی نەیاری حكومەتەكەی كازمین دەستیان هەیە لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران هەرێم كەمال گوتی ”ناتوانم ئەوە پشت ڕاست بكەمەوە چەندە ڕاستە، بەڵام دەشبێت بۆ ناشیرنكردنی حكومەتەكەی كازمی یان بۆ ئاژاوەنانەوە كاری وابكرێت، بەڵام لە ڕابردووش ئەو شتانەبوون، بەڵام و داوكاری خۆپیشاندەران ڕەوایە و تەندروستە و دەبێ بەدەمیانەوە بچن.