سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناخاتە شانی حکومەتی هەرێم و ئەنجامێکی نابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧-٧-٢٠٢٠، پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆبووە و بڕیاریشە تاسبەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ هەر یەك لە فراكسیۆنەكانی کۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی بایكۆتی سەرجەم دانیشتنەكانی پێش جەژنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، ڕایگەیاند”وەک فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان بڕیارمانداوە کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ و سبەینێی پەرلەمانی کوردستان نەکەین، بەڵام لەسەرەتای مانگی ٩ی ئەمساڵەوە، کە وەرزی یاسادانان دەستپێدەکاتەوە، جارێکی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەینەوە و هیچ کێشەیەکمان نییە”.
سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتکردنی فراکسیۆنەکەیان، سەرچنار ئەحمەد گوتی “ئێمە کێشەمان لەسەر ئەم بارودۆخەی ئێستا و بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان هەبووە، چونکە ئەو یاداشتانەی ئێمە داومانەتە پەرلەمان، بۆ بانگێشتکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جێگرەکەی و وەزیری دارایی هەرێم، لەسەر پرسی قەرزەکان، موچە و باری گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هیچ یەکێک لەو بابەتانە لەبەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا نەبووە، بۆیە پێمان باشبوو بایکۆتی کۆبوونەوەکان بکەین”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “ئەم کۆبوونەوانە هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناخاتە شانی حکومەتی هەرێم و هیچ ئەنجامێکی نابێت، خەڵک چاوەڕوانی ئەوە دەکات، کە باروگوزەرانی باش بێت و موچە دابەشبکرێت، بۆئەوەی ئەم جەژنە بەخۆشی بەسەر بەرێت، بۆیە پێمانوایە کە ئەم کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەیە لە پێناو کۆبوونەوەی تر”.