سلێمانی
سەرپەرشتیاری تەندروستی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دووشەممە هاتوچۆی هاوڵاتییان لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بە گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی نوێ دەستپێکردووەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هێرش عەلی سەرپەرشتیاری كەرتی تەندروستی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لە بارەی هاتوچۆی هاوڵاتیان، ڕایگەیاند “دوای بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧-٧-٢٠٢٠، دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەو هاوڵاتیانە داغڵی هەرێمی کوردستان دەبن و بەڵێن نامەیان پێ پڕدەکەینەوە و لەماڵەوە کەرەنتین بکرێن هەتائەوکاتەی ئەنجامی پشکنینەکەیان دەر دەچێت”.
هێرش عەلی گوتیشی “ئەو هاوڵاتیانەی لە وڵاتی ئێرانەوە و لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەموویان لە ڕێگەی نوسینگەی پەیوەندییەکانی هەرێم لە تاران مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان وەرگرتووە و هیچ کەسێک ڕێگەی پێنادرێت بەبێ فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بێنە ناو خاکی هەرێم”.
سەرپەرشتیاری تەندروستی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا ڕێگە نەدراوە شۆفێرانی ئێرانی و بیانی بێنە ناو هەرێمی کوردستان و لەناو مەرزەکەوە بارەکانیان لێوەر دەگیرێت، لێپرسراوی کۆمەڵگای دەروازەی نێو دەوڵەتی باشماخ لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لەهەوڵی ئەوەدان، کە لەم هەفتەیەدا پشکنینی خێرا دابین بکرێت بۆ مەرزەکە، تا ئەوکاتەش هیچ شۆفێرێکی بارهەڵگری ئێرانی و بیانی نایەتە ناو هەرێم.
هێرش عەلی دەڵێت “بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بۆ گەشتکردن ڕێگە بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نادرێت، کە سەردانی وڵاتی ئێران بکەن، تەنها ئەو کەسانە نەبێت، کە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی و ئیقامەی وڵاتی ئێرانیان هەیە، ئەویش بە چەند ڕێکارێک دەکرێت”.
ووردەکاری مەرجەکانی ڕێگە پێدانی هاوتووچۆی هاووڵاتیان لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان:
– ئەو ئێرانی و رۆژهەڵاتییانەی کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە، دەتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن سەردانی ئێران بکەن، بەڵام بە مەرجی گرتنەبەری هەندێ رێکار.
– ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان گرێبەستیان لەگەڵ کارمەندی ئێرانی هەبووە، کارمەندەکە ئێستا لە ئێرانە، ناوەکەی بە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکان (سلێمانی و هەولێر) بدات، بۆ ئەوەی لەڕێی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە رەزامەندیی لەسەر گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان وەربگیرێت. ئەم بڕیارەش تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنان یان وەک ئەندازیاری تەکنیکی کاریان کردووە، پێشتر کارتی نشینگەیان وەرگرتووە.
– بەپێی بڕیارێک کە هاتووە ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی (دانیشتووانی هەرێمی کوردستان) کە بۆ مەبەستی نەشتەرگەری یان نشینگە (هاوسەرگیری، خوێندن یان کار) دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن، دەتوانن لەڕێی ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن. دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندیی دەربڕی، سەردانی کۆنسوڵگەری ئێران لە سلێمانی بکەن و ڤیزە وەربگرن. دواتر لەڕێی دەروازەی سنووری باشماخەوە داغڵی ئێران ببن.
– ئەو رۆژهەڵاتی و ئێرانیانەی کە پێشتر کارتی نیشتەجێبوونی هاوسەرگیریان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، “ئەم کەسانەش دەبێت لەڕێی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ناوەکانیان رادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بکرێت.