ئەسعەد مورادی
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی دزینی كێبڵی كارەبا لە بازاڕە سووتاوەكەی شاری هەولێر لەلایەن هێزەكانی پۆلیسیەوە دەستگیر كران.
بازاڕی سیم لە ٤٥٠ دووکان پێکھاتووە و دەکەوێتە گەڕەکی کوردستانی شاری ھەولێر و لە ساڵی ٢٠٠٨ دروست کراوە، بەرەبەیانی رۆژی ھەینی رابردوو بازاڕی سیم گڕی گرت و بەوھۆیەوە نزیکەی ١٨٠ دووکان سووتان.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بە نوچە، رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی دەستگیرکردنی دوو کەس لە بازارە سووتاوەکەی هەولێر رایگەیاند: ئەمڕۆ دوو كەسیان بە تۆمەتی دزینی كێبڵی كارەبایی لە بازاڕی سیم، كە بەر لە چەند رۆژێك سووتا، دەستگیركراون.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، دوای ئاگاداركردنەوەیان لە حاڵەتێكی دزینی كۆمەڵێك كێبڵی وایەر و كێبڵی كارەبایی لە بازاڕی سیم لە گەڕەكی كوردستان، دەستبەجێ دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ی.ف.م) و (و.ب.س) لەكاتی ئەنجامدانی دزییەكە دەستگیر كران.
لەبارەی جۆری سزاکەیانەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر گوتی ”تۆمەتباران دانیان نا بە تاوانەکەیاندا، بۆیە بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادان، بەند کران و درانە دادگا”.
