نوچە
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوە، هاوسەرۆكی یەكێتی دووپاتیدەكاتەوە، نابێت كێشەی لایەنە سیاسییەكان لە دامودەزگا حكومییەكاندا رەنگ بداتەوە و یەكێتی وەك بەشدارێكی سەرەكی، پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-07-2020، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا.
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، كە یەكێتی وەك بەشدارێكی سەرەكی پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و نابێت كێشەی لایەنە سیاسییەكان لە دامودەزگە حكومییەكاندا رەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەك بە پشوو فراوانییەوە ھاوكار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو كێشەكان چارەسەر بكەین. چونكە ھەموو دەسكەوتەكانمان ئەنجامی یەكڕیزی و تەباییمان بووە. بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەین ھاوكاربین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختە و قەیرانەكان تێپەڕێنین.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، كە خەڵكی ھەرێمی كوردستان، وێڕای تەحەمولكردنی سەختییەكان، نیگەرانن لە گرژییە ناوخۆییەكان و چاوەڕوانن لایەنەكان دۆخێكی لەباری سیاسی بڕەخسێنن.
بارزانی گوتیشی “حكومەتی ھەرێم، حكومەتی ھەموو هەرێمی كوردستانە و پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت پشتگیریی لە كارنامەی حكومەت بكەن، چونكە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم، بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەتە”.
سەرۆكی حكومەت جەختیشی لەوە كردەوە، كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو تواناكانی خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی ئەو رەوشە ئابووری و تەندروستییە نەخوازراوە تێپەڕێنێت و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان باشتر بكات، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پاڵپشتیی ھەموو لایەنەكانە.