له راپۆرتێكى رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ئاشكرا كراوه، له ساڵى 2020 په‌رله‌مانى عێراق كه‌مترین دانیشتنى كردووه و ته‌نیا شه‌ش جار كۆبووه‌ته‌وه، ئه‌ویش جارێك بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا و جارێكیش بۆ متمانه‌دان بووه به حكوومه‌تى مسته‌فا كازمى.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ له به‌دواداچوونێك ده‌ڵێ، لایه‌نه‌كانى عێراق كار بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌مساڵ كه‌مترین دانیشتنى ئه‌نجام داوه.
په‌رله‌مانتاران له راپۆرته‌كه باسیان له‌وه كردووه، زۆرێك له فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون له‌دواى جه‌ژنى قوربان ده‌ست به دانیشتنه‌كان بكرێته‌وه، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه یاسایانه ته‌واو بكرێن كه له‌سه‌ر ئه‌ستۆى په‌رله‌مان ماونه‌ته‌وه.
به ژماره راپۆرته‌كه ده‌ڵێ په‌رله‌مانى عێراق له 2020 تا ئێستا، واته له حه‌وت مانگدا ته‌نیا شه‌ش جار كۆبووه‌ته‌وه، ته‌واوى ئه‌و شه‌ش جاره‌یش بۆ به‌رژوه‌ندى خه‌ڵك و چاودێرى حكوومه‌ت و یاسادانان نه‌بووه، به‌ڵكو جارێكیان بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا بووه له عێراق، جارێكى تریش بۆ متمانه‌دان بووه به حكوومه‌تى مسته‌فا كازمى.
سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانیش باس له‌وه كراوه، ته‌نیا په‌تاى كۆرۆنا هۆكار نه‌بووه بۆ كه‌مى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، هه‌رچه‌نده تا ئێستا 55 په‌رله‌مانتار و فه‌رمانبه‌ر له په‌رله‌مان تووشى كۆڕۆنا بوون و په‌رله‌مانتارێكیش به ڤایرۆسه‌كه مردووه.
به‌ڵكو هۆكارێكى تر قه‌یرانى سیاسى و ململانێى لایه‌نه‌كان بووه، كه شكاندنى رێژه‌ی یاسایى ئاماده‌بوونیان كردووه‌ته چه‌كێك له‌دژى یه‌كتر به‌كاری ده‌هێنن، ئه‌مه‌یش كۆسپى بۆ كاره‌كانى په‌رله‌مان دروست كردووه.