نوچە-ئاژانسی هەواڵی عێراق
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی جولای، لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق، لە بارەی کۆمەلێک بابەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەڵوێستی وەرگرت.
عەبادی ئاماژەی بە سەردانەکانی مستەفا کازمی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە و دەڵێت، ئەم سەردانانە بۆ عێراق گرینگ و جێی بایەخن.
عەبادی لەم بارەوە گوتی: عێراق لە دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستی بە هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی هەیە.
لە بارەی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی وڵاتانی بیانی و ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ڕای وایە، کە دۆسیەی مانەوە یان کشانەوەی هێزە بیانیەکان لە دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقدایە و مەرج نییە بڕیاری پەسەندکراوی پەرلەمان ئیلزامێک دروست بکات و تەنها دەوڵەتە لەم بارەوە بڕیاری کۆتایی دەدات.
عەبادی ئاماژەی بە دۆخی بنبەستی ئێران کردووە و دەشڵێت، تاران بە هۆی دۆخی گەمارۆکان پێویستی بە بەغدا هەیە و دەیهەوێ بەهۆی عێراقەوە هەناسەیەک بکێشێت.
سەبارەت بە مەرجەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەخت عەبادی گوتی، سێ مەرجی سەرەکی بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێویستە ئەویش بریتییە لە:
یەکەم: بوونی یاسایەکی دادپەروەرانە.
دووەم: فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام و چەککردنی لایەن و گروپە چەکدارەکان.
سێهەم: بوونی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆیە، کە زەمینە بۆ بەڕێووەچوونی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و بێ لایەنانە ئامادە بکات.